ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
نە خەندەیە، نە گریانە
نە مردنە، نە ژیانە!
*******

پێناسەکەی وا لای منە:
کورد کوژە، هیوا خەسێنە،
دەست و دەم و پێ بەخوێنە.

ڕێگایەکە نابڕێتەوە-
لە نوێنەوە بەرەو سەنگەر،
لەوێشەوە بەرەو نوێنە... !

عەیامێکە من دەیناسم:
دێوجامەیە
خەمەگڕووی هەزار ڕەنگە،
قوتابخانەی بێسەوادی و دەبەنگییە،
کانگای گولی و سووزەنەک و فەڕەنگییە.
*******

تا نەیکوشتووین،
وەرن، چنگی بەخوێن سووری پێ هەڵبڕین
بە شەق ڕووی پێ لە دیوار کەین.
تفەنگی خۆکوژ فڕێ دەین،
تفەنگی ئازادی سوار کەین.

زرمە لە جەرگییەوە بێنین...
لە بازرەقەی خوێنی ئەودا،
یەکەم تیشکی ڕۆژ هەڵسێنین!

فەرهەنگۆک:
ئۆتۆنۆمی: مافی چارەی خۆنووسین
نوێن: پێخەف
دێوجامە: دیجامە، پارچەیەکی ڕەنگاوڕەنگە بۆ ڕاوکەر
خەمەگڕوو: خمخمۆک، قمقمۆک، سەرمازەڵە
سووزەنەک: سوزاک، نەخۆشی سەیەلان، گۆنۆری
فەڕەنگی: نەخۆشیی سفلس
بازرەقە: دەرپەڕینی لەپڕی گیانداران یا فیچقە و فڕکەکردنی شلەمەنی
(١٩٨٤/٦/٢٨ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit