ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
[مارگرێت، کچە پێشمەرگەی ئاسووری و پاڵەوانی ئەفسانەیی شۆڕشی ئەیلوولە]

ڕەنگی وشە
لە چی بکا، چاکە بۆ تۆ.
لە ئەرخەوان؟
لە پەلکەزێڕینەی حەفتڕەنگ؟
لە وەنەوشە، یا لە هێرۆ؟

ئەی بۆنەکەی
لە چی بکا، چاکە بۆ تۆ.
لە دووکەڵی پاش بۆردومان، یا گوڵەباخ؟
لە خاک و خۆڵ، یا لە شەوبۆ؟

دەنگی وشە
لە چی بکا، چاکە بۆ تۆ.
لە سرتەی ژوان، یا هاژەی چەم؟
لە بالۆرەی مازووچنان،
یا شەقژنی باڵی هەڵۆ؟

هەموو جارێ،
کە دەمەوێ
هەڵبەستێک بنووسم بۆ تۆ
قەڵەمەکەم چاو شۆڕ دەکا،
وەک ئەو سمێڵبابڕانەی
سەنگەریان لێت کردە گڵکۆ.

دەحەپەسێم،
لێم دەشێوێ
نازانم، بۆ هۆنراوەکەم
چبکەم بە دەنگ؟
چبکەم بە ڕەنگ؟
چبکەم بە بۆ؟
ئەی ئەو خاچەی لە خاچ درای،
شێرەژنی خاوەنشکۆ؟

فەرهەنگۆک:
ئەرخەوان: دارێکی گەڵاپانە لە پێش گەڵادا گوڵێکی سوور دەگرێ بە هێشوو
پەلکەزێڕینە: شتێکی کەوانەییە پەیدا دەبێ لەسەر ڕووی هەور بە هۆی تیشکی ڕۆژەوە کە دەدا لە دڵۆپی بارانەکەی و حەوت ڕەنگی لێ بەدی دەکرێ.
وەنەوشە: گیایەکی بەهاری بۆن خۆشە گوڵێکی مۆری بۆنخۆش دەگرێ.
هێرۆ: گیایەکی بەرزی گەڵاپانە گوڵێکی گەورە دەگرێ و گەلێ ڕەنگی هەیە.
شەوبۆ: گیایەکە گەڵای وەک بی وایە، گوڵێکی زۆر بۆنخۆش دەگرێ و بەشەو بۆن دەداتەوە
بالۆرە: جۆرە سترانێکی میللی کوردیی تایبەت بە ژنان
شەقژن: شەقەی لەهیکڕای باڵی مەل و چەپڵە و شتی تر
سمێڵبابڕ: مەردوومی سمێڵ زل
(١٩٨٤/٦/٢٢ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit