ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بۆچی هێندە لە هاتنەوەم بە تالووکەی؟
بۆچی دیسان لە دەروازەی گومان دەدەی؟
کێ دێ گلم بداتەوە؟
کێ دێ لە تۆم بڕفێنێ؟
تۆ نەبیت، لەم دنیایەدا،
بێپەنایەکی وەکوو من،
چ خەمخۆرێک داڵدەی دەدا؟

بۆچی هێندە لە هاتنەوەم بە تالووکەی؟
پەلەی چیتە؟
هەتا لێت دوور بم باشترە.
وا نامۆیی دەرسی ئەشقم پێ دەخوێنێ.
سۆزی دووریت
پەڕ و باڵی برووسکەییم لێ دەڕوێنێ!

فەرهەنگۆک:
تالووکە: پەلە، لەزوبەز، هەشتاو، دەستوبرد، جەخت
گلدانەوە: هێشتنەوەی شتێک لەلای خۆت
داڵدە: پەنا و پشتیوان
(١٩٨٣/١٢/٢٦ - پراگ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit