ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
له دنیادا،
چ کانیاوێ زوڵاڵتره له ده‌نگی تۆ؟
کێ زمانی ڕۆح ده‌زانێ،
وە‌کو چاوی سه‌دڕه‌نگی تۆ؟

له‌م شاره‌دا،
گه‌ردنکێل و
گوڵبه‌ژنێکی وە‌ک تۆ کوانێ؟
کێ وە‌کوو تۆ،
ڕۆژێ سه‌د جار،
له داوێنڕا هه‌تا قوللـه،
به خه‌ممدا هه‌ڵده‌ڕوانێ؟

چییه دیسان
ئه‌و مووچڕکەی کارە‌باییه‌ی
له سه‌راپای به‌ده‌‌نمدا هاتوچۆ ده‌کا!
چییه دیسان
ئه‌و گورگه برسی و بێشه‌رمه‌ی
له هوندوڕما ده‌لوورێنێ و ملۆمۆ ده‌کا!

چییه دیسان
چنگی نیگای په‌رده‌دڕم
مه‌مکبه‌ندی شه‌قامه‌کان دادە‌ماڵێ؛
قامچیی برووسکه‌ی خه‌یاڵم،
که‌مه‌ر که‌مه‌ر،
به‌له‌ک به‌له‌ک،
له‌م شل ده‌بێ و له‌و ده‌ئاڵێ!

چییه دیسان...
چییه دیسان...
بۆچی چاوم قه‌ت تێر نابێ؟
بۆ ته‌نیا ئه‌شقی تۆ نابم؟
لەبه‌ر ئه‌وە‌ی،
تۆ هه‌میشه له به‌رده‌مما
بێده‌نگ ده‌سووتێی وە‌کوو مۆم؟
بۆ هه‌ر به تۆ قنیات ناکه‌م؟
له‌به‌ر ئه‌وە‌ی،
بووی به کۆیله‌ی ده‌سته‌مۆی خۆم؟

فەرهەنگۆک:
قولـله: لوتکه، ترۆپک، پۆپکه، سه‌رقۆپ، قه‌ڵای به‌رز
گەردنکێل: گەردن بڵند، گەردن جوان و شوش
گوڵبەژن: گوڵەندام، بەژنزراو، بەژنباریک
داوێن: دامێن
مووچڕکە: موچڕکە
هوندوڕ: ناو، نێو، دوڕ، ژوورەوە
لووراندن: تێهەڵکردنی سەگ و گورگ بە لوورە
ملومۆ کردن: مڕومووش کردن، مڵومووش و بۆن پێوە کردن
بەلەک: پووز، باق، لە گۆزینگەوە تا ئەژنۆ
مۆم: شه‌م، مووم، شه‌مع، به‌لمیت
قنیات: داکه‌وتن به‌ به‌شی که‌م، قنیاتکردن
کۆیله: به‌نده‌ی زه‌ڕ خڕید، به‌ردە، که‌نیز
ده‌سته‌مۆ: به گیاندارێکی ماڵی ده‌ڵێن که ڕام بووبێ و هه‌ر ده‌مێک ده‌ستی بۆ ببرێت بگیرێ
(١٩٨٢/١٢/٢٦ به‌رلین)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit