ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
نیوەشەوە.
کزەبایەکی ساردی دێ.
تەنیام، ناشنام
وەک سمۆرە سرکە نیگام_
بە ماڵاندا هەڵدەگەڕێ...

هەڵپە دەکا
بۆ نەوایێ، چرایەکی تیا بسووتێ،
بۆ پەنایێ، ئاگرێکی تیا بگرێ.

دۆزییەوە!
پەنجەرەیەک... وا لەولاوە...
وەک دوگمەیەک،
بە بەرۆکی
قەشەی شەوەوە درواوە!

لەودیو پەردەی شلک و زراڤ
لەپڕ هات و خێرا ون بوو.
چی بوو؟ کێ بوو؟
گرنگ نییە!
لە بەرچاوی خەیاڵی من باڵای ژن بوو.
چ بیناسم، چ نەیناسم،
نێزیکترین کەسی من بوو!

فەرهەنگۆک:

نامۆ: غەریب
کزەبا: بای سووک
سرکه نیگا: نیگای ڕەوەک، (سرک: ڕەوەک، سڵ، قوشقی، تۆڕ)
هەڵپە دەکا: پەلە دەکا
نەوا: پەنا، داڵدە، نووا، ئارامگە، جێی حەوانەوە
بەرۆک: یەخە
قەشە: پیاوی پێشەوای ئایینی گاوران(مەسێحییان)
درواوە: دووراوە
تەنک: شتێک کە ئەستوور نەبێ
تاپۆ: تارمایی، ڕەشانگ، سامۆتک
زراڤ: باریک(زێتر بۆ بەژنی ڕێک و شووش بە کار دێ)
لەپڕ: ناکاو
خێرا: ئازا، گورج و گۆڵانە
(١٩٨٤/١/١٢ - پۆتسدام)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit