ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بەفر تا جێی بڵندتر بێ،
پتر لە هەتاو دەترسێ.
ژن تا شۆخ و دەلالتر بێ،
گەشتر چرای ترسی پیری
لە نیگایدا دادەگیرسێ.

لەم جیهانە
هەرکەس لە شتێک تۆقیوە.
کوندەبۆ، لە ئاوەدانی.
دز، لە سەگ و کۆکەی بێدار.
کەر، لە هەوراز.
دیوار، لە سینگ.
دار، لە بزمار.
کەڵەکێوی، لە خڕەی بەرد، لە خشپەی دار.

منیش زراوم ڕژاوە.
دەترسم لە سەرەمەرگا
سییەکانم بزریکێنن
بۆ تۆسقاڵێک هەوای وڵات.
دەترسم، بمنێنە خاکێک
نە من ئاشنای بۆنی ئەو بم،
نە زمانم ئەو تێی بگات...

فەرهەنگۆک:

پتر: زۆرتر
شۆخ: مەردوومی باڵابەرزی جوانی شەنگ و شۆخ
دەلال: جوان و لە بەر دڵان
تۆقیوە: ترساوە
کوندەبۆ: کوندەبەبوو
کۆکە: دەنگێکە لە گەرووی گیاندارەوە دێتە دەرەوە بە تەکان، بە هۆی خوروویەکەوە کە لە گەروویدا پەیدا دەبێ.
بێدار: هۆشیار
هەوراز: شوێنی سەربەروژووری سەخت
خڕە: دەنگێکە وەک دەنگی گوێز و کاڵای شۆدار و ڕووخانی دیوار
زراوڕژان: زۆر ترسان، هەترەش چوون، زەندەق چوون
تۆسقاڵێک: تۆزقاڵێک، کەمێک
(١٩٨٢/١/١٥ - پۆتسدام)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit