ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی برووسکەچاندن
٢. تا نیوەی ڕێگە هاتووین
تا نیوەی ڕێگە هاتووین
بیر لە چی دەکەنەوە؟
تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ !
دە تەماشای دواوە کەن،
چ شوورەیەک بە هێسکی
شەهیدان هەڵچنراوە!

ها گوللە، لێی بپرسن،
پاش ئەوەی ئاگر دەدرێ
قەت ئاوڕ دەداتەوە؟

ها وشە، لێی بپرسن،
کاتێ لە دەم هەڵدەفڕێ
قەت ئاوڕ دەداتەوە؟

ها جۆگە، لێی بپرسن،
کە بەرەو چەم ڕێ دەبڕێ
قەت ئاوڕ دەداتەوە؟

تا نیوەی ڕێگە هاتووین
بیر لە چی دەکەنەوە؟
تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ !
دە تەماشای دواوە کەن،
چ شوورەیەک١ بە هێسکی
شەهیدان هەڵچنراوە!

١. شوورە: حەسار
(١٩٨٠/٢/٩ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit