ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەی نێرەهەڵۆی ڕەوەزان١،
ئەی کەڵەکێوییەکەی باکوور،
ئەی سێدارەی بەژن٢ بڵند،
ئەی نیشانەی مەرگی سنوور،

بێدەنگ مەبە، بچریکێنە.
ئاسمانی بە تریاک نوستوو ڕاچڵەکێنە
بێدەنگ مەبە،
دەنگت: ئەلبۆمی دەنگانە
دەنگت: پەلکەزێڕینەیە،
جێی زەماوەندی ڕەنگانە.

دەنگت:
سروەی٣ بایە، سرتەی٤ ژوانە،
بوومەلەرزەیە، بورکانە.

دەنگت:
نێسکەنێسکی٥ هەسپێکی خورتی٦ کەوێتە،
نێڵەنێڵی٧ ئاگردانی قەرەجانە.

دەنگت:
ترپەترپی بە ئاستەمی خوناوکەیە،
گرمەی هەورە، ڕەمبەی هەرەسی شاخانە.

دەنگت:
کەروێشکەی گەنمی قەراجە،
هاڕە و نەعرەی
پڵنگێکی برینداری دوورەلانە.
********

بێدەنگ مەبە، دەنگت باڵی سیمرخێکە،
هەموو ڕۆژێک، دڵی تەنگم بەسەر دوندی٨ چیا دەخا.
لە بەرپێمدا، پێدەشتی ئومێد ڕادەخا

بێدەنگ مەبە، کە دێمە سەر لووتکەی دەنگت؛
کە هەردوو پێم دەچەسپێنم
لەسەر زنارێکی٩ ئەوێ،
نە ڕەشەبا دەمبزوێنێ، نە کڕێوە و تۆفی شەوێ.
ماڵنووستنان
هەردوو باڵم دەکەمەوە
لە چوارلاوە، زام بانگ دەکەم
بێ، بسرەوێ...
گوێم لە هەناسەی تەم دەبێ، تیشکی ڕۆژم پێ دەکەوێ!

ئەی کەڵەکێوییەکەی باکوور!
بێدەنگ مەبە، بچریکێنە
ئاسمانی بە تریاک نوستوو ڕاچڵەکێنە!
کە دێمە سەر لووتکەی دەنگت
هەر پەڵەهەورێک لەبەر کەم،
زرێیەکی پر بە بەرە؛

هەر گزنگێک ڕمی١٠ دەستە
هەر دەوەنێک بۆم سوپەرە
هەر زنارێک ئەسپی شێیە
وەک برووسکە لەسەر پێیە،
لە نیشتمانی لەتەلەتما
دارێک بدزن
بەردێک بدزن
جێم بڵندە و ئاگام لێیە... !

١. ڕەوەز: کەپکەشاخ، گابەردی زۆر گەورەی چینچینی کێو
٢. بەژن: باڵا
٣. سروە: دەنگی بای سووک
٤. سرتە: سرپە، قسە کردن لە ژێر لێوەوە بۆ ئەوەی کەس گوێی لێ نەبێ
٥. نێسکەنێسک: لەنجەولاری ئەسپ، سەمای ئەسپ
٦. خورت: سەرکێش، بزۆز و غلوور(بە تایبەتیش ئەسپ)
٧. نێڵەنێڵ: گرفەگرف، کڵپەکڵپ، لرفەلرفی هاڵاوی ئاگر
٨. دوند: ترۆپکی چیا، قوتکە، قوللە، تۆقەڵە
٩. زنار: تاشەبەرد، گابەرد، کەڤری گەلەک مەزن
١٠. ڕم: دارێکی درێژ
(١٩٨٠/١٢/١٨ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit