ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کە من کڕ١ دەبم، تۆ مەمدوێنە.
تا مێوەی داری سەرم پێ نەگا،
چڵی٢ زمانم ڕامەوەشێنە!

هەر من بێدەنگ نیم!
تۆ سەرنج بدە،
کە رەوەزی٣ چیا
سنگ دەداتە بەر قامچیی برووسکە٤،
چەند کڕ و کپە!
کە چەکەرەی گیا
پەل دەهاوێژێ ڕووەو ترووسکە، ٥
چەند کڕ و کپە!

*****

کە من کڕ و بێدەنگ دەبم،
وا تێ نەگەی بارسووکەڵە و دەستبەتاڵم_
بڕوا بکە،
وەک پلوورەی٦ هەنگە سەرم، هێند سەرقاڵم!

هێندە باسی نیشتمانی خۆم بۆ کردی،
هەتا گیانت لێوانلێو بوو لە ئەڤینی،
بە ئاواتی جارێک بچی،
چاو بڕێژی بە شار و دێی،
دەستێک بدەی لە برینی؟ ...

کە من کپ بووم، کپیم زین کە،
تەماشام کە و زەنگۆ لێدە: ٧
نیشتمانم خڕ٨ دەبینی!

١. کڕ: بێدەنگ بوون
٢. چڵ: لقی درەخت و گیا
٣. رەوەز: کەپکەشاخ، گابەردی زۆر گەورەی چینچینی کێو
٤. برووسکە: چەخماخە
٥. ترووسکاندن: بریسکانەوە، چرسکان، تەیسین
٦. پلوورە: خڵێف، خەڵێف، کوورەی هەنگ، کەندووی مێشەهەنگ
٧. زەنگۆ: زەنگوو، ڕکێف، ئاوزەنگی؛ زەنگۆ لێدە: ڕکێف لێدە
٨. خڕ: هەموو، هەمی، تەڤ، گشت
(١٩٨٠/٨/٥ - پۆتسدام)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit