ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
کیژۆڵەی دڵگیر، ئەی لەخۆبایی
بۆچی دەمکوژیت بە ناڕەوایی؟

بۆچی دڵڕەقی بەرامبەر بە من
کە بتپەرستم هەتاکوو مردن؟

دەزانم بۆچی دڵ پڕ لە قینی
لە چەقی ڕێگەش هەرگیز نامبینی:

چونکە دڵپاک و وەفادارم بۆت
شەوانی تاریک بەئازارم بۆت

چونکە لاوێکم، ڕاستم، فێڵباز نیم
چونکە چاوباز نیم، بەفیز و ناز نیم

چونکە جل ڕەنگاوڕەنگی جادە نیم
چونکە قومارچی و فێری بادە نیم

چونکە نازانم، نە کەم و نە زۆر،
ڕووم مەکیاژ بکەم هەر ڕۆژ بە سەدجۆر

چونکە هەژارم، خاوەن تەلار نیم
بەندەی سەربەرزیم، بەندەی دینار نیم

چونکە لەجیاتی دیاری یا سامان
پێشکەشم کردی دڵێک تا نەمان!

بەڵێ، تۆ بۆیە دڵ پڕ لە قینی
لە چەقی ڕێگەش هەرگیز نامبینی!

(١٩٦٥/٢/١٣ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit