ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی فرمێسک و زام
٢٠. جوانیی ئەفسووناوی
هەموو شتێک جوانە لە تۆ:
نازکردن، تاسە، گفتوگۆ،
بەڵێندان، سەردان، هاتوچۆ

چەندە جوانە
شەپۆلی پێکەنینی ناز،
کە ختووکەی گیانم دەدا بە سەد ئاواز،
لایلایەیە بۆ خەوتنم
لە باوەشی گەرمی مراز

ئای، چەند جوانە
ڕەوتت بەرەو قوتابخانە
بە هەنگاوی وردیلەی سووک،
وەک پەپوولە لەنجە بکات
بۆ ماچێکی لێوی گوڵووک١
* * *

هەموو شتێک جوانە لە تۆ؛
سۆزی گەرم،
بزەی نەرم،
دڵتەڕیت و چێژی ناسک،
جارجار چرپەی تێکەڵ شەرم

چەندە جوانە:
پەنجەی لەخۆوە نەرم و شل،
تاڤگەی کەزیی ئارمووشینی٢
پەخش و خاوی سەر شان و مل

چەندە جوانە:
قژی تەنکی سەر ناوچەوان،
کە وەکوو تەم سەما دەکا
لەسەر بەفر و گوڵ ئەرخەوان
* * *

هەموو شتێک جوانە لە تۆ:
وردە نیگا،
چاو و برۆ،
گێڕانەوەی بیرەوەریت،
باسی خۆشی و دەردەسەریت،

باسی دەستەخوشکانی خۆت،
باسی شیعری بێتام و بۆت،
باسی دواڕۆژ،
باسی ناوماڵ،
باسی ناوی یەکەم مناڵ!

١. گوڵووک: گوڵی کێوی
٢. ئارمووشین: ئاوریشمین
(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit