ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بمبوورە ئەی کچ، بمبوورە،
ئەو ڕێگایەی
ویستم بە ئاهەنگ بیبڕم
یەکجار دوورە،
بێسنوورە

بمبوورە، هێشتا مناڵ بووم،
کرچوکاڵ بووم،
بە لاڵانەوەی ڕەنگاوڕەنگ
دنیام بۆ تۆ کردە ئاهەنگ
بەڵێ، بمبوورە خۆشەویست
ئەوەی ڕووی دا من وام نەویست

بێگوناهم،
وایان پێم گوت دەوروپشتم...
هەستپاکییان لە دڵ کوشتم
گوتیان وایە،
خۆشەویستی بەس سەمایە!
ماچکردنی لێوی ئاڵە،

یا گوشینی سینەی کاڵە،
مووچڕکی دەست لە ملانە،
ڕابواردنی ناو گوڵانە،
دڵگیربوونە، ڕۆیشتنە،
ئاشتبوونەوە و گەیشتنە،
خۆکوشتنە، خوێنڕشتنە،
تەوەزەلی و پاڵکەوتنە،
نەخەوتنە

ئێستاش، گیانە،
چەند ئازار و خەم دەچێژم
چەند ئەسری بەکوڵ دەڕێژم
کە پێم دەڵێی:
'کوا، هیوامان نەهاتە جێ؟ '
بەڵام چبکەم، چیم لە دەست دێ؟ !
(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit