ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
پێکەنە بە من، بە باڵاو ڕەوتم١،
بە ساویلکەییم، بە پیری چەوتم،
بە درەختەکەی خەیاڵی لاویم،
کە ساڵەهای ساڵ لە سایەی خەوتم
بەو دڵە مەستەی چاوی تۆی پەرست،
ئەو چاوانەی قەت بۆیان نەسرەوتم.
***
پێکەنە بە من هەتا دەتوانی!
بەڵێ! پێکەنه بە من، بە ژینم،
بە لەشی بێهێز،
بە هەردوو چاڵی چاوی بێتینم.

بەڵێ! پێکەنە...
بەو پێکەنینە
بە هاوتات ناشێ هیچ نازەنینێ.
من زویر نابم!
چاو ڕاهاتووە هەروا بتبینێ
***
پێکەنە، گیانە!
بەو دەور و دەمە پڕ ئێش و خەمەی
بە قرچەی گەرما،
بە سۆڵەی سەرما،
زۆر بە تاسەوە دەهاتمە سەر ڕێت،
وشەی دڵداریم دەچرپاندە گوێت.

هۆنراوەی تەڕم دەهۆنینەوە
بۆ دڵداریی تۆ،
بۆ بەختیاریی تۆ،
بۆ ڕووی وەک مانگت،
بۆ چاوەکانت،
بۆ پێڵووی مەست و برۆ و برژانگت.

هونەرمەندێک بووم زۆر لەخۆبایی.
دەمویست تۆ بکەم
بە تابلۆیەکی ڕەنگینی خوایی،
لە دەوروپشتت دەسووڕامەوە بە دڵنیایی.
بە پەڕەمووچەی٢ هەستی ناسکم
زۆر بە وردبینی نەخشم دەکردی،
سا بەرەو تەختی
فریشتەکانی بەهەشت دەمبردی!
***
بەڵێ، پێکەنە
کە هاتوچۆم کرد
له بەردەم کۆشکی خنجیلەی زاوا،
تەماشام کردی زۆر بە ترسەوە
هەر بە گۆشەی چاو، ناچار... لەتاوا...

بەڵێ، نازەنین!
دەنگی خڕخاڵ و قاقای پێکەنین،
زڕەی سێ ڕستە گەردانەی زێڕین
بکە مۆسیقا و
پەردەی گوێچکەمی پێ بێنە گرین!

پێکەنە، پێکەنە!
بەو ڕۆژە ڕەشەی کە تێیدا ڕوا
گوڵی دڵداریی زوو بابردوومان!
بە خەوی خۆشی ناو ئەو باوەشەی
دەگێڕێتەوە گشت ڕابردوومان
***
پێکەنە بە ناز، ئەی نیهاد مردوو،
بە خەونی دوێنێی من و تۆ هەردوو،
بە هۆنراوەم و تاریی بیناییم،
بە هەناسەی سارد، ژینی تەنیاییم،
بە چەند وشەیەک، هێلانە سەر لێو،
شیرین، ئاگرین، کەم و هەست بزێو:

'پەرستگەی ڕووخاو، ئەی بووکی تازە،
ژینی نێو کۆشکت سەدجار پیرۆز بێ.
ئەو گەنجینەی کە ناوی نازە،
با بۆت هەوێنی ئەندیشە و سۆز بێ! '

١. ڕەوت: ڕویشتن
٢. پەڕەمووچە: پەڕی باڵندە(بۆ فڵچەی وێنەکردن بەکار هاتووە)
(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit