ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هەر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم،
خوو و ڕەوشت بەرزیت سوپەری شکا،
ئەو ئاوە پاکەی پێت دەگوت ئابڕوو
بە جلی جوان و زێڕ و زیو تکا!

وەکوو کتکەکوێر،
هەوراز بە هەوراز،
هەڵدێر بە هەڵدێر،
بێ لێکدانەوە بە شوێنم کەوتی،
باوەڕت پێم کرد... هەرگیز نەسرەوتی.
دەزانی بە چی؟
هر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم!
***
ئەمەتا سنگی وا شۆرشگێر و لەخۆباییبووت
ئەمەتان هەردوو گوێ مەمکەکانت،
وا لە دەست پەنجەم دەناڵن بە جووت!
گەنجینەی خۆمن...
کوانێ، نابینم قەت بەربەستم کەی،
دەربەدەرم کەی، زویر و پەستم کەی!

بەڵێ، تۆ ئێستا
زۆر گوێدێرتری بۆ پەنجەکانم لە ئەنگوستیلە
ئەو لێوە ئاڵەی،
کە من سەردەمێک وەک خوا دەمپەرەست،
وا بە دەستمەوە ئێستاکە دیلە.

باوەڕم هێنا کە ئەم جوانییە
بۆ گشت کەسێکە، هەر بۆ من نییە.
بۆیە دەیشێلم،
بۆ کەسێکی تر شیلەی ناهێڵم...
دەزانی بە چی؟
هەر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم!
***
وا بە سەر هەموو ئەندامی لەشتا
هەڵدەڕێژم
قین،
قینێکی دێرین.
ئای هەژار، نەزان، چی لە دەست نایێ:
نە فیز، نە جنێو
نە کینە، نە ناز
یا خۆ هەرایێ!
هەر لەو ڕۆژەوە دیلم کردووە
هەر بە دراوم،
نەک بە گفتوگۆی نەرم و شەکراوم

هەڵبەستێکی نیزار قەببانیە بە دەستکارییەوە کراوەتە کوردی.
(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit