ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەی گوڵی زەرد،
ئەی گوڵی زەرد!
ئەگەرچی ڕەشەبای نامەرد
پەیتاپەیتا هەڵمەت دێنێ
لە چڵی ژین بتقرتێنێ،
لە ژێر پێیان تێر بتشێلێ،
بتئەنجنێ و هەر نەتهێڵێ،

تا ناکام بی و نەگەی بە کام
ساڕێژ نەبێ لە دڵتا زام.
بەڵام، گیانە،
ئەی گوڵی زەرد،
بەرزهەڵچووی گەڵا بێگەرد:
تۆ هەر دەژیت...
ڕەگت هەیە لە دوورەشوێن.
گڕت هەیە
لەناو هەموو تنۆکێک خوێن.

***

ئەی گوڵی زەرد،
ئەی گوڵی زەرد!
وا هەزاران لاوی نەبەرد
دڵداری تۆن.
چاوەنواڕی بەهاری تۆن.
باوەڕی بەهێزیان پێتە
ژینیان دادەنێن لە ڕێتا.
پۆڵایین،
زۆر بەهێزن،
بە هەر نرخێک دەتپارێزن.

***

ئەی گوڵی زەرد!
تاکو شەوە با ڕەشەبا
لابەلا بتهێنێ و بتبا
بەڵام سبەی،
تیشکی بەیان
کە دەتبینێ
پەیامی پیرۆزت گەیاند،
هەڵتدەمژێ... ماچت دەکات...
باست بۆ هەر لایێک دەبات.

ئەوسا شالوور
بەجێدەهێڵێ ئاسۆی دوور.
بۆ لای تۆ دێ،
تا مەستانە بچریکێنێ،
ڕازەکانی مەردایەتیت بدرکێنێ،
گۆرانی خۆش بڵێ بۆ تۆ، بۆ هەموو باخ،
بلەرزێنێ داوێنی شاخ
'تۆ هەر دەژیت، ئەی گوڵی زەرد،
بەرز هەڵچووی گەڵا بێگەرد'

(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit