ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
خۆشەویستم!
نامەکانم بسووتێنە
ئەو هۆنراوەی بۆت نووسیوم
سێدارەی بۆ دامەزرێنە
دڵگیر مەبە...
لە لای ئێمه، نەک تۆ، پیاویش
لەسەر وشەیەکی باڵدار
قۆڵبەست دەکرێ، دەدرێ لە دار

دوور مەبینە
گەر تۆی ئافرەت
بۆ چریکە دەنگ هەڵبڕیت
شێتەکانی سەر کورسیی شار
گەرووی سەوزت بقڵیشێنن،
چاوی گەشت پڕ چقڵ کەن،
پرچی ڕەشت بسووتێنن.

(٢)
خۆشەویستم!
لە پیاوێکی گەڕۆکم بیست،
لە لای ئەوان کچانی کۆک،
لەباتی گوڵ،
هۆنراوە دەدەن لە بەرۆک

گەورەکانیان
بۆ پەیکەری هونەرمەندێک دێنە سەر چۆک
کەچی لە گشت کوردستانا،
لە مەڵبەندی
بێکەس و حاجی و گۆرانا
گەر بگەڕێی سەر تا خواری وەک غەریبێ
بەدی ناکەی تاپۆی پەیکەری ئەدیبێ!

(٣)
خۆشەویستم!
خاوەن وشە لەم وڵاتە
هەمیشە هاتی نەهاتە!
دەیانەوێ
خاوەن وشە وەک هەنگ وابێ
هەرکە بە ڕووی کاغەز وەدات،
بمرێ وەکات!

دەیانەوێ
وشەکانمان
کۆت و زنجیر بۆ پێیان بێ
سایەی سێدارە جێیان بێ!

دەیانەوێ
وشەکانمان
بێدەنگ بکەون بە ڕوودا
وەک حەزرەتی سمایل کەوت
لەژێر ڕەحمەتی چەقوودا!

دەیانەوێ
بنووین، بخۆین، وەکوو ئەوان
بنووسین، بڕێسین، بڕۆین، وەکوو ئەوان

دەیانەوێ
کتومت 'ئێمە' 'ئەوان' بین...
وەک مەلێکی مۆمیاکراو
بێ ئارەزوو، بێ ڕەوان بین!

فەرهەنگۆک:
تاپۆ: تارمایی، ڕەشانگ، سامۆتک
ڕەوان: گیان، ڕۆح
(١٩٦٩/٩/١٣ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit