ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو شەونامەی شاعیرێکی تینوو
٧. دوو هۆنراوە؛ بۆ شێرکۆ بێکەس
'کەژاوەی گریان' ١
برام، شێرکۆ
کەژاوەکەی گریانی تۆ
وەک ئادەمزادی ڕاپەڕیو
گیانی گەرمی لەبەردا بوو،
خەنجەرێکی جەوهەرداری
کۆرپاشای لە کەمەردا بوو.

لە پێشەنگی کەژاوەتا
ئاڵای خوێنینی مەهاباد هەڵکرابوو.
لە تەک ئەودا
سێدارەکەی چوارچرا بوو.
کە هاتە لام، پەیامێکی وای بۆ هێنام وشەکانی وەک پڕیشکی ئاگر وا بوون،
هی ڕۆژانی ئاڤیستا بوون...

خوێندمەوە و گەلێک گریام.
گریام بۆ خۆم
گریام بۆ تۆ
بۆ هەزاران زیندووی نێژراوی ناو گڵکۆ.

برام؛ شێرکۆ
ڕاست دەکەی تو
دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە
دەنووین، دەخۆین، لەسەر درۆ!
ڕاست دەکەی تۆ
دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە
گوێمان کەڕە، زمانمان گیرۆدە و لاڵە.
بەڵام هەیهۆ، کەی لای ئێمە
پەسند بووە پیاوی ڕاستگۆ!

برام؛ شێرکۆ
بەم چاوە دیم، زەردەخەنەی لە دواوە بوو
کەژاوەکەی گریانی تۆ
لە تنۆکی فرمێسکتدا
دەماری بازووی کاوەم دی
لاشەی کەوتووی زوحاکم دی
ئاڵای بەرزی شەکاوەم دی
ئاسۆیەکی ڕووناکم دی.

لە تنۆکی فرمێسکتدا
زەردەشتم دی
باوەشی خۆی دەگرتەوە
بۆ هەژار و چەوساوەکان
بەهەشتم دی
ڕاست دەبۆوە
لەسەر لاشەی چوار دیوارە ڕماوەکان!
(١٩٦٩/٨/١٥ - کوردستان)

هەگبەی دەنگوباس ٢
هاوڕێم، هاتی و بە هاتنت
تۆ بارانی گۆیژەت هێنا
بۆ هەڵگەڕانی بەرەوخۆر پەیژەت هێنا
مژدەنامەی زستانی زگپڕت هێنا
دەنگی مەزدە و یاخیبوون و گڕت هێنا.

هاوڕێم، ناوی خانزادت بردبوو ٣
با پێت بڵێم:
پرچی خانزاد خۆڵەمێشە،
چاوی ڕەشی پڵیشاوەی ژێر پۆستاڵە،
چەپکەنێرگزی سەر گۆڕی
سپیلکەی چاوی منداڵە!

هاوڕێم، کە چوویتەوە سلێمانی ٤
لە ڕێگاتا لە بیر نەکەی
لە قەڵات و منارەوە
لە موغەکانی شارەوە
چەپکەهەواڵێک بەرەوە
بۆ خوا، بۆ بیرەکانی نەوت،
بۆ مەزاری بابەگوڕگوڕ
بۆ ئەو شارەی دانیشتوانی
لەناو گڕدا دەگرین بۆ گڕ.

لە بیر ئەکەی:
دەنگوباسی شارەکەی من
شاری مزگەوت و دەرۆزە
شاری تینوو بۆ ماچی جەژنەپیرۆزە
لە بیر نەکەی:
دەنگوباسی ئەو مناڵەی بۆ لەتێک نان
تا ئێوارە، بەر دەبێتە گیانی مردووی شەقامەکان.

لە بیر نەکەی:
دەنگوباسی حەمە، چورچه، جومعە، کسۆ ٥
یەک بە یەک شێتەکانی شار...
دەنگوباسی مەیدانی کار
چایخانەی پڕ
هەمووی بەرە بۆ خوا، بیرەکانی نەوت
بۆ مەزاری بابەگوڕکوڕ!
(١٩٧١/٣/١٥ - کوردستان)

١. کەژاوەی گریان دیوانێکی شێرکۆ بێکەسە.
٢. هەگبەی دەنگوباس وەڵامی هۆنراوەی دیدەنی شێرکۆ بێکەسه کە لە گۆڤاری هەولێر (شوباتی ١٩٧١) پێشکەشی شاعیری کردبوو.
٣. خانزاد مەبەست خانزادی شۆرانە.
٤. لەو سەردەمەدا هاتوچۆی نێوان هەولیر و سلێمانی بە شاری کەرکووکدا بوو.
٥. حەمە، چورچه، جومعە، کەسۆ؛ چوار شێتی هەولێر بوون.
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit