ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا.
دەرگەکەتم لێ بکەوە
ئەم شەو هاتووم
بۆ چنینی چەپکە نێرگزێکی چاوت
بۆ وچانێ
بۆ خەونێ، تۆزە گریانێ،
لەسەر هەوری قژی خاوت...

ئەم شەو هاتووم،
ترووسکایی شاری یادگار بانگی کردووم
لەگەڵ سیمای مناڵیما
لەگەڵ خەمی شۆڕەبیما
هاتووم و ناگەڕێمەوە.
یا پێت دەگەم
یا وەک مۆمێک
دەسووتێم و دەتوێمەوە...

دەرگەکەتم لێ بکەوە
هەر دڵدارەکەی جارانم
هەر کێڵگەکەی بەردەرگەتم
هەر تینووەکەی بەر کڕێوه و با و بارانم...

دەرگەکەتم لێ بکەوە
من ئەو کەسەم
تا دوێنێ بوو
لەناو گەرووی ڕووناکیدا دەتشاردمەوە
لەناو جامی مەترسیدا دەتخواردمەوە...

کات لەژێر باڵی ئاسماندا
خەریکە باوێشک دەدات
شوێن، قولەڕەشێکی کپە
دەرگەکەتم لێ بکەوە.
شتێک نییە شیرینتر بی
لە خشپەی پێ و چرپەی چپە...

دەرگەکەتم لێ بکەوە.
کفت و مانووی ڕێگەی دوورم
وەکوو جاران
کەمێک لە لات دەمێنمەوە و ڕادەبوورم...

شەو ڕاشکا
ئەژنۆم شل بوو
مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا
دەرگەکەتم لێ بکەوە
دار و بەردی بەردەرگەتان هاتنە تکا...
(١٩٦٩ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit