ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
پێش ئەوەی بێمە بەردەمت
کام بیری جوان خورپەدارە،
کام دێڕ هەڵبەست زۆر بەکارە،
شانەی دەکەم وەک پەرچەمت.
لە ماوەی چاوقوچانێکدا
هەزار و یەک خەونی شیرین
دەمکەن بە مەم، دەتکەن بە زین!

لە خەیاڵما
پایز بەهاری لێ دەتکێ.
درەختی ڕووت
گەڵای سەوزی پێوە دەلکێ.
بەڵام سەد ئاخ، ئەی دەروونپاک،
کاتێ بانگم دەکەی بە 'کاک'
کاک وەکوو مار
بەرەو گوێچکەم گینگڵ١ دەدا...
کە دێمە گۆ
خۆی لە زمانم لوول دەدا
هێدی هێدی
قووتم دەدا...
کفنی زەردی نائومێدی.

من لە دڵتام...
لە دەروونتام...
لە گلێنەی چاوی ڕوونتام.
شەرم مەکە!
بە ناوی ڕووت
ناوم بێنە پڕ بە گەرووت.
با لە یەکتر ئاشکرا بین
تا کەی لەناو ئاگرا بین؟

نە تۆ خوشکەی، نە من کاکم
خۆشەویستی دەروونپاکم... !

١. گینگڵ: بێ ئارامی لەبەر ئازار یا خەفەتێک
(١٩٦٩/٦/٥ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit