ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دەشێ تاریکی و تیشکی خۆر بەیەک بگەن.
دەشێ زەوی و میچی ئاسمان بەیەک بگەن
دەشێ قوتبی سەروو و خوارووش
بەیەک بگەن
بەڵام هەرگیز
ناشێ من و خۆشەویستم بەیەک بگەین
***
دەشێ ئەهریمەن بەهەشتی خوای بەرکەوێ
دەشێ ڕووبار
ڕوو لە هەوراز بێ و سەرکەوێ.
دەشێ مەم زیندوو بێتەوە،
لەسەر سینگی زین بسرەوێ
بەڵام ناشێ، جارێکی تر،
منی دڵدار بگەم بەوەی خۆشم دەوێ
***
ڕەنگە کچە دراوسێکەم،
یا ئەو کچەی
ئەمڕۆ، سبەی،
ئەڵقەی من دەکاتە پەنجەی
وا تێبگا
پەلکەزێڕینەی هۆنراوە
بۆ کەمەری ئەو ڕێک دەخەم.

بۆ ئەو تۆقەی زێڕینی خۆر
لە پرچی ڕەشی شەو دەدەم.
نەیزانیوە
هۆنراوەی من بۆ کەسێکە.
کاسە خۆشاوێک بوو... ڕژا
چەپکێک بۆن بوو
بە نوێنی... کەسێکی تردا هەڵپژا.

* پێرسی شێللی (١٨٢٢ - ١٧٩٢) شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیز.
(١٩٧١/٥/١٧ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit