ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(١)
خۆشەویستم!
کە ژوورەکەم جێدەهێڵیت
تیشکی خۆر لە ژوورەکەما
بوخچەی خۆی دەپێچێتەوە،
میلی سەعات
خولی لە یاد دەچێتەوە.

کە ژوورەکەم جێدەهێڵی و لەلام دەڕۆی،
هەر چواردەورم، وەک دارەمەیت،
هەستی سڕم دەگرێتە خۆی.
لە پەنجەرە و دەرگاکەوە
بۆ قوڕگم دێ دەستی زریان.
کتێبخانەی بچکۆلانەم،
دیوارەکان،
هەموو یەک یەک دێنە گریان،
لەگەڵ مندا دێنە گریان.

(٢)
خۆشەویستم!
دنیا ساردە... ئاو شەختەیە..
دڵی تەنیام هەڵپەیەتی
بۆ لێوێکی گەرم، گەرم،
گەرم وەکوو پشکۆی پەتی.

(٣)
چ ڕوو دەدا با ڕوو بدا!
دڵنیا بە، جێم مەهێڵە،
باوەشی من بەهەشتێکە،
دەتپارێزێ لە ڕەهێڵە.

جێم مەهێڵە...
درەنگ نییە...
با نیگای چاو دڵنیابێ،
ئێستا خۆرت بۆ ڕادەگرم،
ناهێڵم وا زوو ئاوابێ!
(١٩٧١/٤/١١ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit