ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
لە یادمە،
ساڵ: کۆتاییی شەست و شەش بوو،
شار: مەچەک بوو،
زستان: بازنێکی ڕەش بوو.
ئێوارە بوو...
بۆ یەکەم جار
من هەستم کرد بە تەنگیی شار...
تۆش هەستت کرد بە تەنگیی شار
دوور ڕۆیشتین
لە سووچێکا پێک گەیشتین،
ڕەنگ بزڕکاو، هەناسەسوار.

لە سێبەری خۆمان ترساین،
چاویان هەبوو دار و دیوار
دەمیان هەبوو دار و دیوار!
بەڵام ئێمە یاخی بووین و
نەفرەتمان کرد لە خەڵکی شار
نەفرەتمان کرد لە چاوی شار...
***
لە یادمە،
هێشتا لێوم وەک بەفر بوو، چی نەدیبوو!
هێشتا پەنجەم
یەکەم تەزووی گۆپکەی مەمکی نەچنیبوو.

لە یادمە،
شارەکەمان هێشتا وەکوو کڵێسە بوو،
کە پێم گوتی:

'دڵدارێکم
پاک... وەک نیگات،
ڕووت... وەک نیگات
دڵدارێکم
نیمە جوانتر
لە پەیکەری کۆکی باڵات.
نیمه جوانتر لە هۆنراوەم،
لە ژووری مۆم تیا کوژاوەم. '

توخواکەی... تۆش
کە دەتزانی باوکت، برات
دەتڕسکێنن بۆ ساڵێکی تووش و نەهات،
بۆچی چوار ساڵ دوو باڵی خۆت
بۆ گەردنی من کرد بە کۆت؟ !
(١٩٧٠/١١/٦ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit