ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بتی شکاو
٩. پێم نەگوتی
ئەی خوێنشیرین،
گەنجینەی منی ئاوارە!
دووری دوورتر لە ئەندێشەم،
لە سپێدەی هەندێ شەوان،
ئەی بۆ چاوم پێڵوو و برژانگ،
ئەی نێزیکتر بۆم لە ڕەوان

لەو ساتەوە ون بوو باڵات،
دڵی ڕەهام بەدواتا هات،
هات، خۆی ئاڵاند لە گۆزینگت، ١
سەد گۆرانی و سەد بەستەی گوت
بۆ مەلی ناو ڕکەی٢ سنگت
* * *
ئەی چاوگەی هۆنراوەی پەتی!
تاوانم کرد پێم نەگوتی:
من ئاوارە و هەژارێکم،
شاعیری دوورەشارێکم
تاوانم کرد، پێم نەگوتی،
بەیانی زوو کۆتایی دێ بەهارەکەم
بە لەتێک دڵ دەگەڕێمەوە شارەکەم!

تاوانم کرد، پێم نەگوتی
دڵداریمان
کورتەڕێ بوو، زوو بڕیمان،
زیندەخەو بوو، بە ڕۆژ دیمان،
بڕایەوە و هەر زامی ما
ناکامی ما
سەرسامی ما
وا ئەوانیش بوون بە هەوێن
بۆ ئەم هۆنراوەی خەمڕەوێن!

١. گۆزینگ: قولەپێ
٢. ڕکە: بێرکم، قەفەز
(١٩٦٨/٧/١٤ - بەغدا)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit