ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
(سروودی منداڵە شەهیدێکە)

لە بەندیخانەی تاریک و نووتەک،
گوێ پڕ لە دەنگی کەلەپچەی مەچەک،
پڕ بە ناخی دڵ،
زۆر گەرم و بەکوڵ،
گەر بتڵێمەوەش
بەستەی ڕزگاری
هەر دەڵێمەوە دژی زۆرداری
* * *
هەروا لە بیرمە،
دایکی نیشتمان
کاتێ نایە دەم گۆپگەی مەمکی ژیان،
چرپاندییە گوێم، بە سۆز، بە گریان:
'چەند ساڵە، ڕۆڵە،
لەم خاک و خۆڵە
دێ دەنگی زیلی
پڕ ترسی دیلی
بۆ تۆڵە گۆش بە، نەک بۆ زەلیلی'
* * *
ناچێ لە بیرم،
کە باوکی ژیرم
چەکی مەردانەی خستە سەر شانی
ئێمەی بەجێهێشت بۆ تێکۆشانی،

نەیگێڕایەوە ئەشکەنجە و سزا،
تا ڕۆژێک ئاگر بە دڵیا چزا
بەڵام هەمیشە دوا قسەی پەندە،
ساتێ پێی گوتم دەم پڕ لە خەندە:
'ڕۆڵە! مەرد بژی، نەک وەکوو بەندە'
(١٩٦٧ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit