ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
چۆنت پێخۆشە، بە ئارەزووی خۆت
لەت کە ئەو دڵەی، شادی دەوێ بۆت

لە چەقی ڕێگەم، هەر لەبەر چاوم
بنێ ژێر پێیان نامەی پێچراوم.

شان بە شان بڕۆ، قشتیلە١ و نازدار
لەگەڵ دۆستێکی تازەی پارەدار

ئەو دۆستەی کە وا ناو لە زارانە،
هەر هی تۆ نییە و هی هەزارانە!

بیلاوێنەوە، تێر بۆی پێکەنە
لە دڵما نەخشی یادگار هەڵکەنە

قەیناکا گیانە، مافی خۆتە خۆ
ئەو ڕەفتار دەکا، بە ئارەزووی تۆ

بێبەشت ناکات لە شێلانی لەش
لە سکاڵای زۆر، وەنەوزەی باوەش

قەیناکا گیانە، ڕاستی زۆر ڕاستی
پێم نەهاتە جێ، چی دڵت خواستی

تەنیا شیعر بوو ئەوەی من هەمبوو
بۆ قنیاتی تۆش شیعر زۆر کەم بوو!

١. قشتیلە: قشتیلانە
(١٩٦٧ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit