ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بتی شکاو
٤. نامەی ژاکاو
ئەی ئاوازی
ساتی هۆنینەوەی هەڵبەست،
بەستە و سازی
ئەو شەوانەی دەژیم سەرمەست:
چیت زانیوە، وا بە جارێ لەخۆباییت؟
بۆ، وەک جاران،
خەمڵیو نەبوو نامەی دواییت؟

تێیدا نەبوو
ئەندێشەیەک، بیرێکی ورد،
بۆنێکی خۆش،
یا نەخشێکی جوانی دەستکرد؟

وشەکانت گشت سارد و سڕ،
ڕستەکانت پچڕپچڕ،
چەند بۆ ناخیان، ئەوپەڕی ئاخ،
قووڵ چووم، خشیم،
هیچ مووچڕک و
هیچ هەستێکیان پێ نەبەخشیم.

خۆشەویستم!
من دەمەوێ وشەکانت
بکەنەوە شانۆی هەستم،
ببزوێنن دڵی مەستم،
بتکێن وەکو دڵۆپەشیر
بۆ لێوی کۆرپەی هەڵبەستم...

من دەمەوێ
وشەکانت
تەڕوبڕ بن وەک دڵی من،
پڕ تەوژمی ژین بن وەک خۆت،
گەرم بن وەک لێوی گۆشتن
تەزوودەر بن وەک گفتوگۆت.
(١٩٦٧ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit