ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بتی شکاو
١٣. گۆڕێک بۆ دوێنی
پاش تەمەنێک ئێش و ئازار
پاش ناکامی و جەوری ڕۆژگار

پاش تۆرانم لە یادگاریم
لە تەمەنی نەوبەهاریم

له بزەی لێو، لە خەونی دڵ،
لە بەرامە و لە ڕەنگی گوڵ

گەڕامەوە بۆ پێکەنین،
بۆ ڕووناکی، بۆ خۆشیی ژین،

بۆ چیمەنێک لە بەهاردا،
بۆ دیمەنێک لە گوڵزاردا،

بۆ جووکەیێکی ناخی مەل،
بۆ بزەیێکی لێوی کەل،

گەڕامەوە بۆ جوانی،
بۆ سروشت و کامەرانی،

بۆ ورشەیەکی١ نێو چەمان،
بۆ ئاوازێکی ژێی کەمان،

بۆ ئەستێرەی بە شنەشن،
کە لەژێر پێی خوادا پەخشن

گەڕامەوە جارێکی تر،
بۆ باوەشی یارێکی تر

گەڕامەوە بۆ تەمەنێ،
بۆی پێکەنم، بۆم پێکەنێ

گەڕامەوە بۆ کۆششم،
بۆ دەروونی پڕ شۆڕشم

گەڕامەوە بۆ خامەکەم،
بۆ پەخشی بۆ و بەرامەکەم

بۆ شەوانی ئەندێشاویم،
بۆ پەیکەری هیوای لاویم

گەڕامەوە بۆ دڵلێدان
لە پەرستگەی پاکی یەزدان،

تا بە دڵی پڕ لە بڕوا
چاو ببڕمە ناولەپی خوا

بەڵکوو سرووش٢ گیانم پڕ کا
سەدای ژینی پێشووم کڕ کا،

١. ورشە: بریسکە، بریقە، گرشە
٢. سرووش: وەحی، ئیلهام
(١٩٦٨-هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit