ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بتی شکاو
١٢. کۆتاییی چیرۆکێک
خۆشەویستەکەم!
ڕاسته، حەز دەکەم،
ساڵانی تەمەن،
چرکە بە چرکە هەر لە تەکت بم
لەجیاتی کۆرپەی خوێنشیرین وەک خۆت
من پەنجەمژی سەر مەچەکت بم.

ڕاستە، حەز دەکەم
لە نێزیک چاوت
دڵی هەڵبەستم لە خورپەدا بێ.
هەر دیاری و نامە بگۆڕینەوە،
وەکوو لە ژینمان هیچ ڕووی نەدابێ.

ڕاستە، حەز دەکەم
پەپوولەی نیگام هەموو ڕۆژ بفڕێ، تا لە هەلێکا
درزی پەنجەرە یا دەرگە ببڕێ،
ماچێک لە نیگای چاوت بسێنێ،
تینوێتیی گەرووی دڵم بشکێنێ.
بەڵام، گیانەکەم،
تاکە یادگارم!
ناچارم... ناچار کە تۆ لە یاد کەم.
لەژێر دارکاریی ویژدانی هارم
بحەسێمەوە و زوو خۆم ئازاد کەم.

ناچارم، دەبێ گۆڕێک هەڵکەنم
بۆ هەر یادگارێک بۆنی تۆی لێ بێ.
دەبێ گوێم کەڕ کەم،
زمانم لاڵ کەم،
لەلای هەر کەسێک، باسی تۆی پێ بێ!

دەبێ هەر ئەمڕۆ
وێنەی دووقۆڵی و نامەی بە دەرزن
لە گەرووی گڕدا ببنە خۆڵەمێش،
هەرچەند لە ناخی دڵمدا بەرزن.

دەبێ، هەر ئەمڕۆ،
بمرێ لە یادم دڵکێشترین چاو،
بمرێ لە یادم
ناسکترین دەنگ، شیرینترین ناو.

دەبێ هەر ئەمڕۆ
بڕووخێ لە یاد پەیکەری باڵا
سڕ بێت لەسەر زار
ئاگرینترین وشەی سکاڵا.
***
ئەو سنگە نەرمەی کاڵ و گۆشتن بوو
بەهەشتی مەلی ئارەزووی من بوو،
ئەمڕۆ تاوانە، نە زۆر نە کەم،
وەک گەنجینەی خۆم پەنجەی بۆ ببەم
چونکە بێگانەم، تۆ بەهەڵە چووی،
هی پیاوەکەتە و کۆرپەی تازەبووی!

ئەو قژە ڕەشەی
کە پار و پێرار
بۆنی سەرمەستی دەکردم جار جار،
ببوو بە داڵدەی
چاوی شەرماویم،
ڕەنگی پەڕیوم، لێوانی بە بار،
ئەمڕۆ دەبێ دڵ ئەویش لە بیر کا،
تا تەنیا کۆرپەت دەستی لێ گیر کا!
(١٩٦٨ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit