ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو بتی شکاو
١٤. بۆ مارتنی مرۆڤ
(مارتین لوتەر کینگ (١٩٢٩-١٩٦٨) مافپارێزی قولەڕەشەکانی ئامریکا لە ناوەڕاستی پەنجاکانەوە لە ١٩٤٦دا خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی وەرگرت و لە ١٩٦٨دا کوژرا! )

ئەی لوتەر کینگ،
ڕەشی گزنگ،
شوورەی ئاشتی و برایەتی،
دەروون کانگای ئازایەتی،
پەیامبەری پێستڕەشەکان،
پارێزەری بێبەشەکان
تۆ کوژرای زوو
تاوانیشت هەر ئەوە بوو،
گوتت: دەبێ... دەبێ لە ژین
بە یەکسانی هەموو بژین.
***
ئەی لوتەر کینگ،
بۆ سەربەستی ژینت دەویست
بۆ ئادەمزاد،
نەک هەر تەنیا بۆ ڕەنگی پێست!
چەکی شەڕت
هەر بزە بوو، بزەی نەمر،
نەک هەر بارووت، ئاسن، ئاگر!
***
ئەی لوتەر کینگ
ڕەشی گزنگ،
وا تێ مەگە، بۆیە لە ژین وا بێبەش بووی
چونکە ڕەش بووی!
پێڵووی داخراو ببزوێنە،
سەرەنجم دە،
لەگەڵ ئەوەی پێستەکەشم بەفر و خوێنە،
هەر لەتێکم ئاوارەی ژێر ئاسمانێکە
گەنجینەی بێ سەروشوێنە

سەرەنجم دە،
منیش وەک تۆ،
خۆری شادی،
هی ئازادی
وڵاتەکەم پێ نازانێ
دەچمە دەریای ئارەقە و خوێن،
دەست ناکەوێ پارچە نانێ.
***
ئەی لوتەر کینگ،
ئەی سروودی ئاشتی و برایی.
ئەم زەمینەی جێی تاوانە
ئێوەی ناوێ تا کۆتایی
ئەم زەمینەی بە خوێن تژی
هاوار دەکا:
نابێ دڵی گاندی و مەسیح لێرە بژی!

ئەم زەمینەی جێی ئاواتە،
هاوار دەکا:
دەبێ گریان، ئەسرینی چاو،
دووکەڵ، گرمە، دیمەنی شەڕ،
بۆنی بارووت، قرچەی هەناو،
نووزەی مناڵ، دیلی و لاتی
باو بن وەکوو تیشکی هەتاو!

ئەم زەمینە هاوار دەکا،
هاوار دەکا ئەم زەمینە
ژیان لای من
هەر زۆرانە و هەر جەنگینە.
هاوار دەکات
دەبێ بسرەوێ لە لێدان
دڵی ئاشتی و خۆشەویستی،
دڵی یەزدان!
(١٩٦٨ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit