ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
٨. لەم نیشتمانە چارە ڕەشەدا
لەم نیشتمانە چارە ڕەشەدا
چیتان هێشتووە؛
دابەشی نەکەن وەک ڕەزی خۆتان؟
هەر بە شەهیدان سەرمان بڵند بوو،
ئەوانیشتان کرد بە پەزی خۆتان!

ناوێرم قەڵەمێک هەڵگرم
ناوێرم کراسێک لەبەر کەم
ڕووتان ڕەش بێ،
خۆ ڕەنگەکانیشتان بەش کرد!

بڵێم خوێندکار یا قوتابی؟
ژن یا ئافرەت؟
ڕووتان ڕەش بێ،
تا وشەی ناو فەرهەنگەکانیشتان بەش کرد!
دوو کەناری زێی جاویدانی
خانی و حاجی قادرتان بەش کرد
خاک و ئاو و ئاگرتان بەش کرد
کوا؟ چیتان هێشت؟
کوا؟ کێتان هێشت؟
بگرە... .
قەحپە و دز و ڕێگرتان بەش کرد

وەک زڕتەکی گاکۆژبەدەست
نیشتمانێکتان کرد بە دوو... .
شار بە شار، گوند بە گوند گەڕان
لە هەر ماڵێک
ئاگردانێکتان کرد بە دوو...

خەڵک مێژوویەکی هەیە
ئێمە دوو مێژوومان هەیە
هەموو دنیا
یەک سەرکردەی لێ بەڵایە
ئێمە لەویش دوومان هەیە!
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit