ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
٧. با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
هەرچی دەیکەن، پاکە وەک نوێژ
هەرچی دەیڵێن، وەک گەوهەرە!
دیالێکتیک، سەرمایەی مارکس
فەرموودەی 'ماو' یان لەبەرە!

ئەورووپایان هەموو دیوە
کە دێنە گۆ بۆ ڕۆژنامان؛
پەیڤێک زێڕه، یەکێک زیوە!

لەندەن، پاریس، ئەنقەرە، شام
یەکە یەکە پایتەختەکانی هەندەران
شارەزاترن لە شێخەڵڵا و سابوونکەران
چاک دەزانن،
کە ئەورووپا بۆیاخچی پسپۆڕی دەوێ؛
بۆ کۆڵکێشی
بازووی زۆر بەتینی دەوێ
کوردی چیایی ناولەپ زبر و
شان و پیل بەردینی دەوێ!

با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
دەیانناسم
لە پاکیدا، چاک و پیرن
لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن!
شارەزای مێژووی جیهانن
کون بە کون، کەلێن بە کەلێن...
ستراتیژی دوژمن تەقەی بێ
جبەخانەی تاکتیک پڕە
مەخزەنێکی پێوە دەنێن!

دەیانناسم!
لە پاکیدا، چاک و پیرن
لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن!
بیانبینن!
بزانن لە پێناو ئێمە چەند بێتووکن
چەند پەڕپووت و ڕووت و گەدان
چۆن شەو و ڕۆژ تەنیا لە بیری ئێمە دان!

باوەڕ بکەن
هەرچی دەیکەن بۆ ئێمەیە...
هەرچی دەیڵێن بۆ ئێمەیە...
هەر بۆ ئەوەی لەم ئازارە ڕزگارمان بێ و
خۆشاوی شەهادەت فڕ کەین
هەر بۆ ئەوەی
خوێن وەکوو نان گران نەبێ و
هەموو جێیەکی لێ پڕ کەین
یەکێک دێنن قڕمان بکا
ئەگەر نەهات؟
فێرمان دەکەن یەکتر قڕ کەین!

با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
شوان هەر شوانە... .
پەز هەر پەزە، هەتا دەمرێ...
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit