ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
٦. چەند پەیڤێک: بەشی سێهەم
زۆر لەم شیعرانەی بەر دەستت لە شەکرەشاری هەولێر نووسراون.
کام هەولێر؟
ئەوەی مانگێک تێیدا لە ماڵ چوونەدەر ئازایەتی بوو...
دیتم؛ بە چاوی خۆم براکوژیم دیت...
دیتم چۆن بە سەربانان دەکەون و ماڵ و منداڵی ئەو خەڵکە برسییە دەکەنە سەنگەر.
لە کۆڵانە ئاوەڕووتکراوەکاندا گوێم لە زرمەزرمی تۆپ و شەستیر و ئارپیجی و قازیفە بوو.
لە دەورووبەری شارە خۆشەویستەکەمدا، بینیم چۆن دووکەڵی دەغڵودانی هەژارانی کوردستان بە ڕۆژ بەری ئاسمانی تاریک دەکرد و بە شەویش بڵێسەی ئاگردڕی به شەوەزەنگ دەدا.
ڕۆژ نییە دەنگوباسی ئەم شار و ئەو شار، ئەم گوند و ئەو گوندی نیشتمانەکەم ئارامم لێ هەڵنەگرێ؛
هەر دیلە و دەکووژرێ... .
هەر بەرائەتە و وەردەگیرێ... .
هەر ماڵە و دەرگەی دەشکێنرێ...
هەر پاتاڵ و بزگوڕە و بە تاڵان دەبردرێ...
هەر لاوی کوردە لەسەر بیر و باوەڕ یان تەنانەت لەسەر ڕەنگی پەڕۆ، لە ماڵی خۆی وەدەردەنرێ و شوێنبزر دەکرێ...
هەر نامووسە و هەتک دەکرێ...
هەر خانووە و بە گوللە بووە بە بێژینگ، یا بە قازیفە شەبەقی تێبووە...

(کوردستانی ئەنفال کراوم ئەنفال دەکرێتەوە)

مێژوو؛ بنووسه: من بێدەنگ نەبووم!
شیعر؛ ببوورە، تۆم زۆر شەکەت کرد!
پەخشان؛ زۆر سوپاس، بە هانام هاتی!

١٩٩٤/٦/٢٠
هەولێر
* ئەم پێشەکییە هی چاپی یەکەمە، کە بریتی بوو لەو چەند دانەیەی بە خەتی خۆم و لەبەر گرتنەوەی دڵسۆزان، لە هەولێر، لە ڕۆژانی براکوژیدا بڵاو کراونەوە.
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit