ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
٤. چەند پەیڤێک: (پێشەکیی چاپی یەکەم ١٩٩٤) بەشی یەکەم
ئازیزم؛
ئەوەی بەردەستت پێش ئەوەی شیعر بێ، هەڵوێستە.
ئەوەی لە کاتی نووسیندا لە بەر چاوی خەیاڵم بووە هەژارێکی شێخەڵڵا بووە، نەک خوێندەوارێکی شیعر تێر و تەسەل.
بۆ میکرۆفۆن نووسراو، نەک بۆ خوێندنەوەی بێدەنگ. زیڕەیە، نەک چرپە.
ڕاکردنە، نەک ڕۆیشتن.
لە بابەڕۆدانە، نەک هەنیسک.
ئەوەی لەسەر خنکان بێ، بیر لەوە ناکاتەوە چۆن بقیژێنێ؛
گرینگ ئەوەیە تا دەنگی تێدایە بقیژێنێ.
ئەمەی بەر دەستت زریکەیە، قیژەیە..... .
بۆ ئەوەی لەم شیعرانە و شیعرەکانی تری دیوانی براکوژی بگەیت؛ پێویستە نەخشەی براکوژی لە ساڵی ١٩٦٤ وە تا ڕۆژی ئەمڕۆ لەبەر چاوی خۆت دانێیت و ئەو ڕووبەرە پانوپۆرە دەستنیشان بکەیت کە براکوژی تێدا کراوە. ڕووبەرەکە؛ موبالەغە ناکەم ئەگەر بڵێم هەموو خاکی کوردستان، بە پانایی و درێژایی دەگرێتەوە.
کوا ئەو جێیەی براکوژی ئاوەگڵی نەکردووە؟
کام تاقم لەگەڵ کام تاقمدا، کام بەرەباب لەگەڵ کام بەرەبابدا نەیکردووە؟
شۆڕەسوارەکانی براکوژیش هەمان شۆڕەسوارن، هەمانی شوانی گورگزادەن.
من هەر باسی براکوژی ئەم چەند ساڵەی دواییم نەکرد، ئەگەر نا ئەوەندەی مێژوومان لەبەر چاو بێ، دەبینین هەر جارێک ئەم نەتەوەیە سەری خۆی ڕاست کردبێتەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، یا تەنانەت داوای فشەمافێکی خۆی کردبێ، تووشی تاعوونی شەڕی خۆکووژی بووە..... .
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit