ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
تاوان دیارە؛
نێرکی ملی هی بەراز ئەستوورترە
مانگایەکە بە ئاشکرا دەبۆڕێنێ
گورگەبۆری ئەنادۆلە
مانگ ببینێ یا نەبینێ
کەڵبەی دیارە و دەلوورێنێ.

تاوان دیارە؛
ڕووی لە شام بێ
کەوڵی شێری لەبەردایە
نەعرەی عورووبە لێدەدا و دەگرمێنێ
ڕووی لە قوم بێ
زولفەققاری عەلی پێیە و
سەری یەزید دەپەڕێنێ.

تاوان دیاره؛
وەک دووپشکی کەلاوەکانی گەرمەسێر
قەفی کلکی لەسەر پشتە
وەکوو کۆبرا
لەسەر پاشەڵ ڕادەوەستێ،
گینگل دەدا و دەفیشکێنێ.
وەک مارسیدیسی فایلداران
هاشەی دێت و
ترافیکی سووری شاران دەبەزێنێ.
وەک هۆڕنی لاندکرۆزەری سەردزەکان،
خەو لە چاوی عومەر خاوەر دەتارێنێ.

تاوان دیارە و من دەیبینم؛
وەک شۆفەلی ئاودیوکراو،
وەک شیشی پەنجەرەی دزراو،
وەک کەرکووکی بە قەنارەی حەویجەوە دالەقێنراو،
من دەیبینم!

تاوان دیارە
وا بۆنی دێ
وەکوو وێسکی شەوی بەغدا و
هەزار و یەک موفاوەزات،
وەک خۆراکی گەندی یوئێن،
وەکوو زارکی هەڵزڕاوی
هەمبانەی باوبژی بەڵێن.

تاوان دیارە؛
پەڕۆیەکی بێنوێژە
لە سنووری باجستان و بەرتیلستان
فڕکە دەکا و دەشنێتەوە.
وەکوو قرشە هارەکانی دەریای ئیجە،
هەر بە دەوری خوێنی کوردا دەخولێتەوە.

هێشتا بەس نییە؟ !
بۆ خاتری چاویان
کتێبە سوورەی ماوم ئەزبەر کرد.
لێنینم کردە کوێخای جڕتاوە...
شینی حەسەن و حوسێنم گێڕا
چەندان زوحاکم لێ بوون بە کاوە
بۆ خاتری چاویان
چل ساڵی خشتە هەر وام بەڕێوە
هەر دێموکراسی بۆ بەغدا دەبەم
هەر ئۆتۆنۆمیش دێنم لەوێوە...

چ ما نەیکەم؟ !
پێیان گوتم:
شین بە! ، شین بووم
پان بە! ، پان بووم
خڕ بە، خڕ بووم
خاو بە، خاو بووم
دڕ بە، دڕ بووم
بقیڕێنە، قیڕڕڕڕڕڕڕ... قیڕاندم
کڕ بە، کڕ بووم!

هێشتا بەس نییە! ؟
ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟
شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟
پەردەی وەهمکرد لەسەر عەورەتیان
تڵیشی نەبرد؟ هەڵنەدرایەوە؟

گوێتان لێیە؟ !
کرچوهۆڕی گازەرام دێ!
تا کەی پشتم،
گۆڕەپانی قارەمان و قەیتەران بێ؟

لە کۆزەوە مڕەی گورگ و مڵچەی خوێن دێ،
هەتا کەنگێ
گوێم لە زرمەی شەڕەقۆچی دوو بەران بێ؟
لەبەر ئاوێنە سەیری خۆم دەکەم؛
چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم!
پەرکەم دەمگرێ
کاتێ دەبینم یەکتر ڕاو دەنێن
ئەندامەکانی جەستەی سەراپا وێران و نغرۆم.
هێڵنجم دێتێ
کە چاو دەبڕمە گڵۆڵە کرمی،
زارکی برینی گیان و جەستەی خۆم

چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم!
ئەستۆم نایەوێ سەرم ڕاگرێ
خوێنم دەمەیێ، تا فڕکە نەکا بەرەو پەلوپۆم
گلێنەی چاوم تف لەیەک دەکەن.
لەیەک نەبانن ڕەفیسک و ئەژنۆم.

ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟
شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟
نەخێر، ئەمجارە
ئاوێنەی کووڕی جادووگەرەکان
ورد و خاش دەکەم.
لە بن قورسایی خەوی سەدەکان
پشت هەڵدێنمەوە.
لەبەر ئاوێنەی باڵانمای یاد
قیت دەوەستم و
لە پەنجەی پێوە هەتا تەوقی سەر
خۆم دەخوێنمەوە.

چما نابینن؟
هەسپی بەلەسەم بە تالووکەیە
باڵی لێم دەوێ.
شەو تا بەیانی
ناڵی زرمەی دێ و چەخماخە دەدا،
نە من دەسرەوم، نە ئەو دەسرەوێ.
وا دەچمە سەر زین، ڕکێف لێدەدەم
کفن و کاژی خۆم تووڕ فڕێدەدەم
قەڵەمم هەسپە، سەرم شەیپوورە!
بەسە! من جاڕی چاخی نوێ دەدەم.

١٩٩٥/١/١ مۆسکۆ
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit