ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دەنگێک هات لە ئاسمانەوە،
شریخاندی دەنگدانەوە.

'هەڵسەن لە خەوە، گەلۆ، وەرن،
زەوی و سامان هەمووی بەرن.

برابەش بن، مرۆی ڕەند بن،
لە خێروبێر بەهەرەمەند بن. '

*
حەشەمات هات لە گشت لاوە،
لافاوی نووحە و هەڵساوە!

ئەمیان زەوی بە پیت و فەڕ،
ئەویان شوێنی باش بۆ لەوەڕ،

ئەم ڕەزێکی برد، ئەو باخێ،
ئەم جەنگەڵێ، ئەو وڵاخێ...

گەورە بچووکی سەرکوت کرد،
سمێڵ کزی و بسکی مت کرد.

ئەوەی هەبوو، پێدا پێدا،
زەبربەدەست گەسکیان لێدا.
***

درەنگانێ شاعیرێک هات،
بزگوڕ١ لەبەر، بنێس و مات،

دیتی ستەم ڕەگ دەردەکا،
ماسوولکە حوکمی سەر دەکا

دیمەنەکە هێند کاری بوو
دنیای لەبەر چاو تاری بوو،

ئیتر گڕی سەرەڕۆیی
سەرتاسەری گرت و ڕۆیی
***

لەودیو مۆڵگەی هەورانەوە
هاتن دەنگ و دەنگدانەوە:

'ئەی شاعیری یاخی کڵۆڵ،
تاکەی تووڕەیی و بوڵەبۆڵ؟

سووچی خۆتە بێ دەسکەوەتی
بۆ تا زوو بوو دەرنەکەوتی؟ !

بۆ بەو هەموو سوێ و دەردەوە
بیرت لە خۆت نەکردوە؟ !

ئیستاش مادام و چاوتێری
هێندە مێرخاس و جوامێری

مادام شیدای ڕیی هونەری،
ترکەدنیا و دادپەروەری،

بڕیارم دا خەڵاتت کەم،
بێ کێشە و شاتەشاتت کەم:

ئەستێرە و مانگ، هەور و هەوا،
گشتیان بۆ تۆ دەبنە نەوا،

قید و گۆچان واژۆ دەکەم،
لەسەر تۆیان تاپۆ دەکەم

بەیەک داڵغە، یەک شەقەی باڵ،
ببڕە ڕێگەی هەزاران ساڵ،

چیت داوە لە زەویی وێران،
بێ خۆت بڕۆ ناو ئەستێران! '

* ئەم هۆنراوەیە، وەرگێڕان نییە، بەڵام کرۆک و بیرۆکەی خزمایەتی لەگەڵ' دابەشکردنی گۆی زەوی' ی شاعیری ئاڵمان شیللەر(١٧٥٩-١٨٠٥)هەیە:
'die teilung der erde'

فەرهەنگۆک:
١. بزگوڕ: جل و جینکوڕ، پاتاڵ، سیپاڵ، ڕینگۆڵ، تیتۆڵ
٢٠١٤/١٤/٢٧ - هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٢٣,٢٢٤,٢٢٥,٢٢٦,٢٢٧,٢٢٨,٢٢٩
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit