شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: شاعیر و ئاسمان سەبارەت: ٢٠١٤/١٤/٢٧ - هێلسنکی - لاپەڕەی ٢٢٣,٢٢٤,٢٢٥,٢٢٦,٢٢٧,٢٢٨,٢٢٩ - نووسین: خالید قادری دەنگێک هات لە ئاسمانەوە، شریخاندی دەنگدانەوە. 'هەڵسەن لە خەوە، گەلۆ، وەرن، زەوی و سامان هەمووی بەرن. برابەش بن، مرۆی ڕەند بن، لە خێروبێر بەهەرەمەند بن. ' * حەشەمات هات لە گشت لاوە، لافاوی نووحە و هەڵساوە! ئەمیان زەوی بە پیت و فەڕ، ئەویان شوێنی باش بۆ لەوەڕ، ئەم ڕەزێکی برد، ئەو باخێ، ئەم جەنگەڵێ، ئەو وڵاخێ... گەورە بچووکی سەرکوت کرد، سمێڵ کزی و بسکی مت کرد. ئەوەی هەبوو، پێدا پێدا، زەبربەدەست گەسکیان لێدا. *** درەنگانێ شاعیرێک هات، بزگوڕ١ لەبەر، بنێس و مات، دیتی ستەم ڕەگ دەردەکا، ماسوولکە حوکمی سەر دەکا دیمەنەکە هێند کاری بوو دنیای لەبەر چاو تاری بوو، ئیتر گڕی سەرەڕۆیی سەرتاسەری گرت و ڕۆیی *** لەودیو مۆڵگەی هەورانەوە هاتن دەنگ و دەنگدانەوە: 'ئەی شاعیری یاخی کڵۆڵ، تاکەی تووڕەیی و بوڵەبۆڵ؟ سووچی خۆتە بێ دەسکەوەتی بۆ تا زوو بوو دەرنەکەوتی؟ ! بۆ بەو هەموو سوێ و دەردەوە بیرت لە خۆت نەکردوە؟ ! ئیستاش مادام و چاوتێری هێندە مێرخاس و جوامێری مادام شیدای ڕیی هونەری، ترکەدنیا و دادپەروەری، بڕیارم دا خەڵاتت کەم، بێ کێشە و شاتەشاتت کەم: ئەستێرە و مانگ، هەور و هەوا، گشتیان بۆ تۆ دەبنە نەوا، قید و گۆچان واژۆ دەکەم، لەسەر تۆیان تاپۆ دەکەم بەیەک داڵغە، یەک شەقەی باڵ، ببڕە ڕێگەی هەزاران ساڵ، چیت داوە لە زەویی وێران، بێ خۆت بڕۆ ناو ئەستێران! ' * ئەم هۆنراوەیە، وەرگێڕان نییە، بەڵام کرۆک و بیرۆکەی خزمایەتی لەگەڵ' دابەشکردنی گۆی زەوی' ی شاعیری ئاڵمان شیللەر(١٧٥٩-١٨٠٥)هەیە: 'die teilung der erde' فەرهەنگۆک: ١. بزگوڕ: جل و جینکوڕ، پاتاڵ، سیپاڵ، ڕینگۆڵ، تیتۆڵ ++++++++++++++++++++++