ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دە دابەزە،
مایەسیریت هەڵتۆقیوە،
کورسیی بنت کرم و کەڕووی هەڵهێناوە...
داگەڕێ لەو شانشینەی بە هەواوە
وەک ئەژدیهای سەر خزێنە
لە بۆسەیە و هەرڤچاوێکی هەزار چاوە.

*
دە دابەزە!
تەماشا کە،
چۆن کەمتیارە دەرپێدڕ و
قاسەبڕ و
بە گۆشتی خاک مڕەکانت تێم ئاڵاون؛
ببینە چۆن
چنگ و کەڵبەی سیم و تەلبەند
بەژنی دەشت و
شانی شاخ و
دەمی دۆڵیان هەڵدڕیوە؛
دە بپرسە،
گوڵەگەنم بۆ تۆراە،
کێ ساماڵی زەردەخەنەی هەڵبڕیوە!

دە دابەزە!
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ،
دەست لە ملی کورسی کەوە،
بۆڕی و تانکەر لە یاد بکە چاوقوچانێ!
دڕ بە ئاڵقەی زوڕناژەن و لێپۆکان دە،
دە لڤینێ،
دە تەکانێ...
بەس گوێ هەڵخە بۆ ئەوانەی
چیا بە بای زگ تەخت دەکەن،
بۆق دەکەنە قارەمانێ.
زۆر نا، جارێک
کاروانی جامڕەشەکانت جێ بهێڵە و
پێی پیرۆزت لەسەر زەویی جلشڕ دانێ.
بە جادەیەکدا گوزەر کە تاسەی تیا بێ،
بادەرەوە بۆ گەڕەکێ، بۆ کۆڵانێ.
گوێ ڕادێرە بۆ وەڕینی موەللیدان، ١
بڕۆ سەیری قژڕنین و لەخۆدانێ.
دە لڤینێ،
دە تەکانێ...
زۆر نا، جارێک،
دێڕێک شیعر بورینگێنە،
دەست درێژ کە بۆ داستانێ...
پێمەڕەیەک لە خاک گیر کە،
خشتێک لەسەر خشتێک دانێ.
*
دە دابەزە،
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ.
وا تۆفانێک بەڕێوەیە، چ تۆفانێ!
تۆفانی هەزارەزیلەی
گەدەی برسی و
مستەکۆڵەی ڕوو لە کورسی و
ڕووی وەک خەزەڵی خەزانە

تۆفانی کۆتەرەی دار و
پەردووی زنج و
پەڕ و باڵی هەڵوەریوی ڕەوەزانە؛

تۆفانی کراسی ڕەش و
گرمەی هەرەسی بێدەنگی و
قرمەی دەرگەی قەفەزانە؛

ئەو تۆفانەی من دەیبینم
گوێچکەی نییە بۆی بخوێنی،
لینگی نییە سندمی کەی،
قاسەی نییە تێی بئاخنی،
ملی نییە لە داری دەی!
چی لێ دەکەی؟
دە پێم بڵێ چی لێ دەکەی؟
تۆفانێکە و هەر مل دەنێ:
دەمی نییە،
تا بە پارووی بەرماوەی خۆت قەپاتی کەی!
قوونی نییە،
تا بە کورسیی کاغەزینت خەڵاتی کەی!
دە دابەزە،
دە داگەڕێ،
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
وا تۆفانێک بەڕێوەیە،
من دەیبینم، چ تۆفانێ!

١. مووەللیدە: گەنەراتۆر، ژێنێراتۆر، دینەمۆ، وزەساز، کارەباساز، وشەیەکی عەرەبییە و لە باشوور بەکار دێ.
٢٠١٣/٩/٢٨ هێلسنکی
لاپەڕەی ٢٠١ تا ٢٠٧
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit