ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
دەزانی بۆچی
قاچم لە مەیدان داچەقاندووە و
جارێ بە شیعر نالێم ماڵاوا؟ !
چونکە چاوەڕێی شاعیرێک دەکەم
گفت و پەیمانی هاتنی داوە.
ئەو شاعیرەی دێ
پەرییەکانی ماد
لە ئاوی(وان) و خاکی چیای حەمرین
هەڵیانشێلاوە.
کاتێ هەڵدەکا،
لە گەردەلوول و با ڕەهاتر،
لە من مێرخاستر،
لە من گەڕناستر،
لە دوندی قەندیل بێپەرواترە.

ئەو شاعیرەی دێ
هەر نەفەسێکی
دەبێتە نەخشێک لەسەر زناران،
هەر نیگایەکی
مۆمێک پێ دەکا
لە تاریکستانی ماڵە هەژاران.

ئەو شاعیرەی دێ
لەکۆی من دەمم کڵێڵە بووبێ-
ئەو دەتریشقێنێ.
لە کوێ من پرتە و بۆڵەم کەردبێ-
لەوێ چاوی ئەو
چەخماخە دەدا و گڕ دادەچێنێ.
ئێستا زانیتان
بۆچی من قاچم داچەقاندووە و
جارێ بە شیعر ناڵێم ماڵاوا؟
من چاوەڕوانی شاعیرێک دەکەم
گفت و پەیمانی هاتنی داوە!
٢٠١١/٦/١٨ - ڕیگا
لاپەڕەی ١٢٣,١٢٤,١٢٥
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit