ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بۆ شەهید سەردەشت عوسمان

لەو ساتەوە
کە هاتن و
دار چنارە شیکەکەیان لوول دا و ڕفاند،
لەو ساتەوە
کە هاتن و
گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند،
کۆتری خەم
هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ؛
کۆڕی پرسەی هەموان تەواو،
پرسەکەی من
بەردەوامە و هەر جمەی دێ!
*

داخی ئەوەم لە دڵدایە
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم:
'ئاگادار بە!
لەم وڵاتە،
ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ،
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ! '
*
نە دەزانم،
نە دەشپرسم،
کێ بوون دابارینە سەری!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە-
بنیادەم بوون یان کەمتیار؛
بە چی هاتن:
بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون؛
بێ نمرە بوو یا نمرەدار!
بەڵام پرسیم،
پرسیم و دیسان دەپرسم:
ئەو سبەینەی
نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد،
ئەو سبەینەی
ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد،
ئەوێ ڕۆژێ
یاسای سەروەر
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟
گیرفانی کێی دەپشکنی؟
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟ !
هەر پرسیم و پرسیمەوە...
هەندێ دەڵێن:
'یاسای سەروەر
مایەسیری گیری دابوو، دوورەدەست بوو'.
هەندێک دەڵێن:
'زۆر سەرقاڵ بوو،
شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی،
خەمی خەست بوو'.
هەندێک دەڵێن:
'لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو'
هەندێ دەڵێن:
'نەخێر، بێشکەی
حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی،
ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد،
ناوە ناوە دایبییەکی دادەکەنی! '
هەندێک دەڵێن:
' نا، ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو'.
هەندێ دەڵێن:
' لە بانکێکا پارەی دەژمارد،
لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار
سڵ و سرک و لەسەرهەست بوو'.
منیش دەڵێم:
' کەس نەیزانی
یاسای سەروەر زگی دەچوو،
لە ئاودەست بوو! '
٢٠١١/٦/٢ - هێلسنكی
لاپەڕەی ١١٧,١١٨,١١٩,١٢٠,١٢١,١٢٢
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit