شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: سەردەشت سەبارەت: ٢٠١١/٦/٢ - هێلسنكی - لاپەڕەی ١١٧,١١٨,١١٩,١٢٠,١٢١,١٢٢ - نووسین: خالید قادری بۆ شەهید سەردەشت عوسمان لەو ساتەوە کە هاتن و دار چنارە شیکەکەیان لوول دا و ڕفاند، لەو ساتەوە کە هاتن و گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند، کۆتری خەم هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ؛ کۆڕی پرسەی هەموان تەواو، پرسەکەی من بەردەوامە و هەر جمەی دێ! * داخی ئەوەم لە دڵدایە نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم: 'ئاگادار بە! لەم وڵاتە، ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ، دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ! ' * نە دەزانم، نە دەشپرسم، کێ بوون دابارینە سەری! ئیدی بۆ من وەکوو یەکە- بنیادەم بوون یان کەمتیار؛ بە چی هاتن: بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون؛ بێ نمرە بوو یا نمرەدار! بەڵام پرسیم، پرسیم و دیسان دەپرسم: ئەو سبەینەی نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد، ئەو سبەینەی ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد، ئەوێ ڕۆژێ یاسای سەروەر بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟ گیرفانی کێی دەپشکنی؟ لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟ ! هەر پرسیم و پرسیمەوە... هەندێ دەڵێن: 'یاسای سەروەر مایەسیری گیری دابوو، دوورەدەست بوو'. هەندێک دەڵێن: 'زۆر سەرقاڵ بوو، شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی، خەمی خەست بوو'. هەندێک دەڵێن: 'لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو' هەندێ دەڵێن: 'نەخێر، بێشکەی حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی، ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد، ناوە ناوە دایبییەکی دادەکەنی! ' هەندێک دەڵێن: ' نا، ئەو ڕۆژە بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو'. هەندێ دەڵێن: ' لە بانکێکا پارەی دەژمارد، لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار سڵ و سرک و لەسەرهەست بوو'. منیش دەڵێم: ' کەس نەیزانی یاسای سەروەر زگی دەچوو، لە ئاودەست بوو! ' ++++++++++++++++++++++