ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
لە چەمچەماڵ بووم،
نەوەتودوو بوو.
بۆ بەهار درەنگ، بۆ هاوین زوو بوو.
سەنگەری دوژمن چەشنی مار وابوو،
تفەنگهاوێژێک دوور پەپکەی دابوو.
منداڵێک دەستی وەک تۆکڵەلیمۆی
لە دەستی دایکی ڕەشپۆشی بەردا...
دەستی گوشیم و کردی بە هی خۆی.
ئیدی لەوساوە
توندتوند گرتووە قەت بەری نادا...
دەپاڕێمەوە،
بۆ یەک ساتیش بێ، ئازادم بکا،
پاڕانەوکەم دەڕوا بە بادا!
***
هەرچی دەگوترێ،
هەرچی دەنووسرێ
لەسەر ئازادی و بێپەرواییی من

گشت ئەفسانەیە... هەمووی درۆیە!
کاتی هاتووە دانی پیا بنێم:
قەلەمی منیش بووە بە کۆیلە،
نە ڕەها و ئازاد، نە سەربەخۆییە...
ئەوەی دەیگێڕێ،
دەستۆکەیەکی ڕەقەڵەی زەردی وەکوو لیمۆیە!
١٩٩٢/٥/١٠- هەولێر
لاپەڕەی ١٧،١٨،١٩
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit