ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
من چ لەو هەموو فایلانە بکەم؟
ڕوو لە هەر کوێ کەم هەر فایلستانە!
ئاخ، بۆ لەمپاکەی عەلائەدین، ئاخ،
دەرگەی داخراوی فایلگەکانی
شەشدەری دنیام بۆ بکاتەوە.
ئاخ، بۆ لەشکرێک دایانتەکێنێ و
پەڕ لەدوای پەڕیان هەڵبداتەوە!
*
هیچم ناوێ،
نە لەشکر و نە لەمپاکەی عەلائەدین.
دانیشتووم و
جامی جەمم بەرامبەرە!
سەیری شاشەی دنیا دەکەم،
دەبینم ڕۆژی مەحشەرە:
هەر فایلە و بە فایلدا هەڵدەمیزێ،
هەر فایلە و فایلۆکەیەک ڕادەژەنێ
فایل فایل دەرمان دەکا،
فایل بمرێ،
فایل پرسەی بۆ دادەنێ.
وا دەبینم،
فایلێک لەولا
قەڵەمەکەی تیژ دەکات و
گۆڕ بۆ فایلێک هەڵدەکەنێ؛
لەولا تریش،
فایلی جامڕەش، ١
بە یەک ئۆردووی حیمایەوە،
بە دراوسێیە جامڕوونەکان پێدەکەنێ.
ئەمیان لێرە،
وەک مریشک کڕ کەوتووە،
پەیتا پەیتا
هێلکەفایل دەترووکێنێ،
ئەویان لەولا،
بەدیار سفرەی فایلێکەوە،
وەک گوجیلە
بۆ ئێسقانێک دەقرووسکێنێ.
فایل قۆڵی فایل دەبڕێ...
فایل ئەشکی فایل دەسڕێ...
*

هۆ لەولاوە
فایلە پۆپنەکانی(بەغدا)
دێن و دەتسن بە فایلەکانی (تاران) دا.
لە(ئەنقەرە) ش
فایلە پۆشتە و پەرداخەکان
چەتەر بۆ هی(شام) هەڵدەدەن
لە گەرمەی فایلباراندا.
***

دانیشتووم و
جامی جەمم بەرامبەرە!
دەیانبینم:
لەبن سەنگی فایلەکانی
موعاوییە و شاعەباس سوڵتان سەلیم
لاقیان گێڕە،
دەستیان گۆجە و ئەستۆیان خوار...
پێتان دەڵێم:
بێفایدەیە تیشک و سۆنەر
بێفایدەیە
ڕاچێتە و داودەرمان بە بار
ئەوان بە هیچ ڕاست نابنەوە،
مەگەر تابووت ئوتوویان کا و
ڕاست ببنەوە، وەک ئەسپیندار!

* دوای داڕمانی دەسەڵاتی بەعس، هەزاران 'فایل' ی خۆفرۆشانی ناوسەرکردایەتیی پارتخێڵەمان ئاشکرا بوو، کە ڕۆڵە بەجەرگ و جوامێرەکانی شاخ و شاریان بۆ داگیرکەران ڕاو دەکرد. زۆربەی فایلداران بە ئاگاداریی سەرکردەکانیان ئەمەیان دەکرد، هەر لەبەر ئەوەش ئاشکرابوونی 'فایل' ـه کان هیچ کاردانەوەیەکی لێ نەکەوتەوە.
١. فایلی جامڕەش: هێمایە بۆ ئەو سەرکردە فایلدارانەی بە ئۆتۆ 'سەیارە' ی جامڕەش هاتوچۆ دەکەنو بەمە لە خەڵکی سادەی جامڕووندار جێا دەکرێنەوە.
٢٠١١/٣/١٤ - هێلسنکی
لاپەڕەی١٠٥،١٠٦،١٠٧،١٠٨،١٠٩،١١٠
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit