ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور
٢٣. قەت نازانیت چەند ئازیزت!
قەت نازانیت چەند ئازیزت!
ئەگەر باخ و بێستانێک بای،
هەموو ڕۆژێ،
پێش ئەوەی خۆر ئاسۆ هەڵکا و نێڵی بدات،
زوو ڕادەبووم،
باڵم دەگرت، دەهاتمە لات.
بەشێنەیی
بست بە بستی خاکەکەتم بیراز دەکرد،
بڕكە بڕکە،
گەڵا گەڵا،
ساتەکانتم پڕ لە تیشک و ئاواز دەکرد.
***

قەت نازانیت چەند ئازیزت!
هەر من دەریا و تۆش گردێک بای لە قەراخم،
لەشکرێکم لە نەرمەپێل تەیار دەکرد،
لەتێک هەوری بەربوم دەکرد بە بەیداخم،
لە گشت لاوە
غافڵگیرم دەکردیت و
وەک دووڕگەی خۆم بە دنیادا جاڕم دەدای!
هەموو شەوان،
بە ڕێژنەیەک ڕەشەڕیحان،
پێڵووی چاوم لە یەک دەنای.
سبەینانیش
گزنگڕشێنم دەکردی،
لە شنەبای ئاوریشمینم هەڵدەکێشای!
قەت نازانیت چەند ئازیزت!
٢٠٠٨/٦/٤
لاپەڕەی٦٨،٦٩،٧٠
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit