ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
تۆ زۆر لەمێژە
لەناو گەمارۆی ڕابردووی مندا
گیرت خواردووە، پرزەت بڕاوە.
دەستم داوێنت،
ئەو گەمارۆیە تەنگە هەڵگرە،
ئەوەی گومانە بیخەرە لاوە!
لەچێ دەپرسیت؟
لەو چۆمەڵانەی بێ خشەی دار و بێ خوڕەی ئاوە؟
لەو ڕوخسارانەی بوون بە تارمایی؟
لەو جێژوانانەی بوون بە کەلاوە؟

لەچی دەترسیت؟
لەخۆڵەمێشی ساباتی ماچێک
رۆژگار بەبای دا؟
لە جۆگەی باسێک سەرم پێی دەکرد؟
لە هەوری کۆشێک رەشەبا ڕای دا؟
ئاخر پێم ناڵێی، لەچێ دەترسیت؟
لەو زەمبەقانەی لافاو ڕایماڵین؟
لەو درەختانەی
ئێستا کۆتەرەی بێ پەڕ و باڵن؟
لەو چرایانەی خەفە و خامۆشن؟
لەو ئاوێنانەی نابینا و لاڵن؟
لەچی دەپرسیت؟
لەچی دەترسیت؟
***
چاوت لێک بنێ،
سەرت لار کەوە، بیخە سەرشانم.
هێندە مەترسە لەوانەی پێش خۆت،
هێندە مەپرسە:
چۆن بوو؟ ...
کێ بوو؟ ...
کەی؟ ...
خۆت ڕزگار بکە لەو گەمارۆیە،
کە ئەوان هەبوون، خۆ تۆ ئێستا هەی!
٢٠٠٨/٦/١ - هێلسنكی
لاپەڕەی ٦٤،٦٥،٦٦،٦٧
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit