ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە.
تەنیاییی وا
کێ دەتوانێ لێی حاڵی بێ؟ !
مەگەر چڵەبەیبوونێکی تەنیای بەربا،
قومرییەکی شاباڵشکاو،
توتکەیەکی دایکمردە،
یا پەیڤێکی ئەودیو شوورەی دەمی داخراو!
*

چاوەڕێت بووم،
وامزانی دێی!
هێشتا زوو بوو
کە سروشتم دەستەمۆ کرد:
هەر چوار وەرزم وەگیر هێنان،
کوێچکەکانم چەشنی بیستن،
زمانیانم فێری گۆ کرد -
بە شەوبۆم گوت،
ڕابێ و هەوا بۆنڕشێن کا.
بە هێرۆم گوت،
نەخشینترین کراسی خۆی بکاتە بەر،
هەڵکوتێنە
سەر دوا قەڵای سەرما و سەقەر.
هەر لە ماوەی
یەک ترووکەی پێڵووی چاودا
بە ناو شارا
ڕووبارێکم لە زیو تاودا،
لاشەقام و ڕێگەکانم
بە دار لیمۆ و نارنج خەمڵاند...
کە تاریکیش هەناسەی دا
گۆلمم پڕ کرد لە ئەستێرە و
بە ئاسماندا هەڵم پڕژاند!
*
ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە،
عەرشی شیعر،
بە مرواری و یاقووتییەوە،
قاسەی تەمەن،
بە ئەڵماس و زمڕووتییەوە،
بە کۆشێکی گەرم دەدەم سەری پێ کەم.
بەری دەستێک ڕادەمووسم،
ببێتە پەنا، ڕووی تێ کەم.
ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە!
٢٠٠٨/٤/١٦ - هێلسنكی
لاپەڕەی ٦٠،٦١،٦٢،٦٣
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit