شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: گیانێکی ڕووت سەبارەت: ٢٠٠٨/٤/١٦ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٦٠،٦١،٦٢،٦٣ - نووسین: خالید قادری ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە. تەنیاییی وا کێ دەتوانێ لێی حاڵی بێ؟ ! مەگەر چڵەبەیبوونێکی تەنیای بەربا، قومرییەکی شاباڵشکاو، توتکەیەکی دایکمردە، یا پەیڤێکی ئەودیو شوورەی دەمی داخراو! * چاوەڕێت بووم، وامزانی دێی! هێشتا زوو بوو کە سروشتم دەستەمۆ کرد: هەر چوار وەرزم وەگیر هێنان، کوێچکەکانم چەشنی بیستن، زمانیانم فێری گۆ کرد - بە شەوبۆم گوت، ڕابێ و هەوا بۆنڕشێن کا. بە هێرۆم گوت، نەخشینترین کراسی خۆی بکاتە بەر، هەڵکوتێنە سەر دوا قەڵای سەرما و سەقەر. هەر لە ماوەی یەک ترووکەی پێڵووی چاودا بە ناو شارا ڕووبارێکم لە زیو تاودا، لاشەقام و ڕێگەکانم بە دار لیمۆ و نارنج خەمڵاند... کە تاریکیش هەناسەی دا گۆلمم پڕ کرد لە ئەستێرە و بە ئاسماندا هەڵم پڕژاند! * ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە، عەرشی شیعر، بە مرواری و یاقووتییەوە، قاسەی تەمەن، بە ئەڵماس و زمڕووتییەوە، بە کۆشێکی گەرم دەدەم سەری پێ کەم. بەری دەستێک ڕادەمووسم، ببێتە پەنا، ڕووی تێ کەم. ئەمشەو وەک هیچ شەوێک نییە! ++++++++++++++++++++++