شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: قەت نازانیت چەند ئازیزت! سەبارەت: ٢٠٠٨/٦/٤ - لاپەڕەی٦٨،٦٩،٧٠ - نووسین: خالید قادری قەت نازانیت چەند ئازیزت! ئەگەر باخ و بێستانێک بای، هەموو ڕۆژێ، پێش ئەوەی خۆر ئاسۆ هەڵکا و نێڵی بدات، زوو ڕادەبووم، باڵم دەگرت، دەهاتمە لات. بەشێنەیی بست بە بستی خاکەکەتم بیراز دەکرد، بڕكە بڕکە، گەڵا گەڵا، ساتەکانتم پڕ لە تیشک و ئاواز دەکرد. *** قەت نازانیت چەند ئازیزت! هەر من دەریا و تۆش گردێک بای لە قەراخم، لەشکرێکم لە نەرمەپێل تەیار دەکرد، لەتێک هەوری بەربوم دەکرد بە بەیداخم، لە گشت لاوە غافڵگیرم دەکردیت و وەک دووڕگەی خۆم بە دنیادا جاڕم دەدای! هەموو شەوان، بە ڕێژنەیەک ڕەشەڕیحان، پێڵووی چاوم لە یەک دەنای. سبەینانیش گزنگڕشێنم دەکردی، لە شنەبای ئاوریشمینم هەڵدەکێشای! قەت نازانیت چەند ئازیزت! ++++++++++++++++++++++