ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم.
تۆ گەنجینەت خستە بەرپێم،
لەکاتێکدا
من بە تەمای ئاوڕێک بووم.
تۆ گەردوونت لە ڕۆشناییی خوا هەڵکێشا،
لە کاتێکدا
بۆ ئاورینگێک بۆ قاف دەچووم.
من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم!
دەخیلت بم،
ماوەم بدە تا لێی ڕابێم.
زۆر دەترسم دەرنەبەم و
لە بنیدا بەچۆکدا بێم.
*

هێڵێک بکێشە،
سنوورێک دانێ
بۆ ئەو شێتییەی
مەحاڵی دەوێ سنوور نازانێ.
سنوورێک دانێ
بۆ بزرکاندن،
بۆ خەیاڵی هەمیشە لاوی و ڕاونانی مردن.
سنوورێک دانێ
بۆ ئەو باڵدرە ڕەنگاوڕەنگانەی
لە هەزار لاوە
دادەوەرێنە
سەر لکوپۆپی دەرەختی سەرم.
بۆ ئەو چیمەن و مێرعوزارانەی
بە ڕووتوقووتی
خۆ لە گەز دەدەن لە دەورووبەرم.
*

من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم:
چ ڕەوایە،
تەنیا بۆ من،
شەوان ئاسمان
خۆی بە ئۆیە و پۆیەی ستڕەنگ بخەمڵێنێ!
چ ڕەوایە،
تەنیا بۆ من،
بەیانییان
ئاونگی سەر گوڵەشیلان بزریوێنی!
*

من لە هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم.
دەخیلت بم، گەر هیچ نەبێ،
لێی کەم کەوە:
چەند پەڕێکی هەڵوەڕێنە،
چەند چڵێکی لێ داپاچە
ڕۆژێک، دوو ڕۆژ،
باڵەکانی بتورێنە،
جارێک، دووجار،
لکوپۆپە بە ئەستێرە قورسەکانی ڕاتڵەکێنە.
لەو ڕۆژەوە
تەخت و تاجی مەملەكەتت داگیر كردووم،
سەرانسەری ئەم گەردوونە مەملەكەتمە!
لەو ڕۆژەوە
لە زمانی بەرد دەگەم و با دەدوێنم،
بە بۆن ڕەنگان لەیەک جودا دەكەمەوە،
بە ئاو دنیا دەنەخشێنم.

لەو ڕۆژەوە
تەخت و تاجی مەملەكەتت داگیر كردووم،
هەر پنجێک گیا با لێی بدا
من لەگەڵ ئەو بەدەم باوە دەشنێمەوە...

لەو ڕۆژەوە
من هەسارەی بێ تەوەرم،
بە گەردووندا دەخولێمەوە!
*

من لەو هەموو بەختەورییە ڕانەهاتووم،
دەخیلت بم،
ماوەم بدە تا لێی ڕابێم...
زۆر دەترسم دامڕمێنێ.
زۆر دەترسم
دەرنەبەم و بە چۆکدا بێم.
٢٠٠٣/٨/٢٥ - هێلسنكی
لاپەڕەی ٣٤،٣٥،٣٦،٣٧،٣٨،٣٩
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit