ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
من گەواهی دەدەم، ئەوان،
خاكی و سادەن، تەركە دنیان
گەر بەوان بێ،
هەر بە گاڵ و هەرزن دەژین،
تووڕەن بەوەی
ژێرزەمین و قاسە و باخەڵ
بە گەنجینەی قاروون تەژین.
تووڕەن بەوەی، هەر لەخۆوە،
گرد و بنار،
وەرد و بەیار،
بە قودرەتی حەزرەتی فیل
بۆیان دەبنە مەزرا و تەلار!

من گەواهیی ئەوەش دەدەم،
گەورەكانمان
حەز لە چارەی كورسی ناكەن
شلوكوت بوون
هێندەی كون بە كون لێی ڕاكەن،
بەڵام چبكەن؟
كورسیی ئێمە وەتی هەن وان،
منجڕترین مەخلووقی خوان!
بەدڕەفتار و بێبەڵێنن
هەر كەتیرە دەدەڵێنن
بیژین، لۆتین، داوێنپیسن،
پاشەڵپەرست و نەگریسن،
هیچ و پووچ و حەرامزادەن
قوونێک بگرن، بەری نادەن!

فەرهەنگۆک:
تەرکەدنیا: دوورەدنیا، كەسێک كە پشتی كردبێتە دنیا و خۆشگوزەرانی، زاهید.
گاڵ: لە خێزانی دانەوێڵەی هەرزنە، نانی لێ نایە، بەڵام دەشێ لەبەر هەژاری مرۆڤ ئەو دانەوێڵانە بکاتە نان.
پێم وایە ئەوەی لە هەولێر و دەوروبەری پێی دەڵێن 'گاگۆز' هەمان شتە، یان لە هەمان خێزانە
شلوکوت بوون: شەکەت بوون، پڕ وەستیان، زۆر ماندوو بوون
منجڕترین: جەنەگرترین، وڕکگرترین، نووزەدرێژترین...
دەدەڵێنن: دەردەدەن، لێیان دەچێ، لێیان دەتکێ
٢٠١٦/٣/١٩ - هێلسنكی
لاپەڕەی ٢٥١,٢٥٢,٢٥٣
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit