شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: كەتیرە و كورسی سەبارەت: ٢٠١٦/٣/١٩ - هێلسنكی - لاپەڕەی ٢٥١,٢٥٢,٢٥٣ - نووسین: خالید قادری من گەواهی دەدەم، ئەوان، خاكی و سادەن، تەركە دنیان گەر بەوان بێ، هەر بە گاڵ و هەرزن دەژین، تووڕەن بەوەی ژێرزەمین و قاسە و باخەڵ بە گەنجینەی قاروون تەژین. تووڕەن بەوەی، هەر لەخۆوە، گرد و بنار، وەرد و بەیار، بە قودرەتی حەزرەتی فیل بۆیان دەبنە مەزرا و تەلار! من گەواهیی ئەوەش دەدەم، گەورەكانمان حەز لە چارەی كورسی ناكەن شلوكوت بوون هێندەی كون بە كون لێی ڕاكەن، بەڵام چبكەن؟ كورسیی ئێمە وەتی هەن وان، منجڕترین مەخلووقی خوان! بەدڕەفتار و بێبەڵێنن هەر كەتیرە دەدەڵێنن بیژین، لۆتین، داوێنپیسن، پاشەڵپەرست و نەگریسن، هیچ و پووچ و حەرامزادەن قوونێک بگرن، بەری نادەن! فەرهەنگۆک: تەرکەدنیا: دوورەدنیا، كەسێک كە پشتی كردبێتە دنیا و خۆشگوزەرانی، زاهید. گاڵ: لە خێزانی دانەوێڵەی هەرزنە، نانی لێ نایە، بەڵام دەشێ لەبەر هەژاری مرۆڤ ئەو دانەوێڵانە بکاتە نان. پێم وایە ئەوەی لە هەولێر و دەوروبەری پێی دەڵێن 'گاگۆز' هەمان شتە، یان لە هەمان خێزانە شلوکوت بوون: شەکەت بوون، پڕ وەستیان، زۆر ماندوو بوون منجڕترین: جەنەگرترین، وڕکگرترین، نووزەدرێژترین... دەدەڵێنن: دەردەدەن، لێیان دەچێ، لێیان دەتکێ ++++++++++++++++++++++